سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار: هەموارکردنى یاساى بودجە هەنگاوێکى ستراتیژییە

06-11-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار ستایشى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى کرد لە بارەى پرسى نەوتى هەرێمى کوردستان و رایگەیاند، هەموارکردنى یاساى بودجە هەنگاوێکى ستراتیژییە بە ئاراستەیەکى دروست.
 
شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس، ستایشى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى کردووە لە بارەى پرسى نەوتى هەرێمى کوردستان و ئاماژەى بەوەداوە، هەموارکردنى یاساى بودجە هەنگاوێکى ستراتیژییە بە ئاراستەیەکى دروست، کە رۆڵ دەبینێت لە نزیککردنەوەى تێڕوانینەکان و بەهێزکردنى هاریکاریی نێوان حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان لە کەرتى نەوتدا. 
 
5ى تشرینى دووەم ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا بڕگەیەکى مادەى 12ى یاساى بودجەى گشتیى عێراق هەموار بکات، کە تایبەتە بە خەرجکردنى حەقدەستى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت لە هەرێمى کوردستان. 
 
سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار راگەیاند: "قەرەبووى تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت لە هەرێمى کوردستان ئاماژەى پابەندبوونى هاوبەشە بە بوژاندنەوەى بەردەوام و دابەشکردنێکى دادوەرانەى سامان کە رێگە بۆ قۆناخێکى نوێ خۆش دەکات لە  هاوبەشی بونیاتنەر کە بە سوودى هەموو لایەک دەگەڕێتەوە."
 
بە گوێرەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لایەنێکى راوێژکاریی تایبەتمەندى نێودەوڵەتى پارەى خەمڵێندراوى تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان دیاری دەکات.
 
شێخ باز بەرزنجى نووسیویەتى: "ئێمە لە کۆمپانیاى کار جەخت لەسەر پابەندبوون دەکەینەوە بە پاڵپشتى کارکردن و رێچکەیەک شانبەشانی هاوبەشەکانمان لە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ هێنانەکایەى ئەو ئامانجە باڵایەى پێشکەوتن و گەشەسەندن بۆ عێراق دەهێنێت."
 
لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هاتووە کە دەستبەجێ نەوتى بەرهەمهێندراوى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى بە بازاڕکڕدنى نەوت (سۆمۆ) بکرێت و بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار دیاریکراوە، کە وەک پێشینە دەدرێت تاوەکو دواتر لەگەڵ کۆتاییهاتنى کارە راوێژکارییەکە، پاکتاو بکرێت.
 
بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتى عێراق، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى فیدڕاڵ بکات وەک یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکەکەى لە بودجەى گشتى. 
 
لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە بەهۆی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵای بەغدا، هەناردەکردنی نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە.
 
تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت ئێستا بەربەستی سەرەکیی بەردەم هەناردەکردنەوەیەتی. کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت لەسەریان 20 دۆلارە، بەڵام بەغدا دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنان 8 دۆلارە هاوشێوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نرخی هەر بیتکۆینێک بۆ 103 هەزار دۆلار بەرزبوویەوە

سەردەمی زێڕینی بیتکۆین؛ نهێنیی گرانبوونە خەیاڵییەکەی

نرخی بیتکۆین بۆ یەکەمجار لە مێژوودا 100 هەزار دۆلاری تێپەڕاند. گرەوی بازرگان و وەبەرهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکان لەسەر پشتیوانییەکی سیاسی و رێکخراوەیی زیاتر لە ئیدارەی داهاتووی ترەمپ، بزوێنەری شەپۆلە بێوێنەکەی بەرزبوونەوەی بیتکۆینە.