یەک ئۆنسە زێڕ بە 4,194 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

06-12-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوایین کاژێرەکانی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی هەینی نرخی زێڕ نەیتوانی ئاستی 4,260 دۆلار بشکێنێت و دابەزییەوە بۆ نزیکەی 4,194 دۆلار و بەوپێیەش هەموو قازانجەکانی ئەو رۆژەی لەدەستدا.
 
نرخی زێڕ لە ئاستی هەفتانەدا بە رێژەی 0.4٪ دابەزی.
 
شرۆڤەکاران و ناوەندە داراییەکانی جیهان پێشبینییەکان کردووە، نرخی زێڕ لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵدا لە نێوان 4,200 تاوەکو 4,500 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، خەرجییەکانی بەکاربەر لە مانگی 9 لە ئەمریکا بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەتەوە و لە ئاستی ساڵانەشدا بەرزبوونەوەی خەرجییەکان لە 2.9٪ـی مانگی ئاب دابەزیوە بۆ 2.8٪ لە مانگی ئەیلوول دا.
 
کەمبوونەوەی خەرجییەکان لە ئەمریکا هاوکات لەگەڵ سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا، هیچ گومانێکی بۆ بازرگانان نەهێشتووە کە ئەم هەفتەیە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی لانیکەم بە رێژەی 0.25٪ کەمدەکاتەوە.
 
(بارت مەلەک)، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تی دی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دڵنیایی بازرگانان لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی و لاوازبوونی بەهای دۆلار، نرخی زێڕی لە ئاستە بەرزەکانی هێشتووەتەوە."
 
بانکی ناوەندی ئەمریکا رۆژانی 9 و 10ـی ئەم مانگە کۆدەبێتەوە و بریاری لەسەر سوودی بانکی دەدات. ئێستا بەپێی پێوەری فێدوۆچ، بازرگانان چەنسی کەمکردنەویە سوودی بانکی لەلایەن بانکەکە بە 87٪ دەخەمڵێنن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە