رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی وەبەرهێنان لە ژووری بازرگانیی ئێران رایدەگەیێنێت، لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگ تەنیا بۆ وڵاتانی ناوچەکە نییە و هەموو جیهان دەگرێتەوە، هۆشداریش دەدات لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی تێچووی بەرهەمهێنان لەسەر ئاستی جیهانی.
فەرشید شوکرخودایی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی وەبەرهێنان لە ژووری بازرگانیی ئێران رایگەیاند، "هەرچی جەنگ درێژخایەنتر بێت، لێکەوتە و گوشارە ئابوورییەکان لەلایەن کۆمپانیا دارایی و بیمەکانەوە بۆ سەر بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا زیاتر دەبن، چونکە لێکەوتەکانی جەنگ بەرۆکی هەموو وڵاتان دەگرێت."
شوکرخودایی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزدا، ئابووریی جیهان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە و تێچووی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، کە نەک هەر وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو هەموو جیهانیش دەهەژێنێت.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی لەوەش کردەوە، کە ئێران لە رێگەی بەڕێوەبردنی هاتووچۆ لە گەرووی هورمزدا، جارێکی دیکە توانا و هێزی سەربازی و ئەمنیی خۆی لە بەرگرییکردن لە خاکی وڵاتەکەی نیشاندا و گوتی، "ئێران هەرگیز بەدوای جەنگدا نەبووە."
شوکرخودایی باسی لەوە کرد، بەشێکی گەورەی نەوت و گازی سرووشتیی شل لە وڵاتانی کەنداوەوە لە رێگەی ئەم گەروەوە دەگوازرێتەوە و گوتی، "ئەگەر ئەم رێڕەوە دابخرێت، بەرپرسیارێتیی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت و کەمبوونەوەی سووتەمەنی لە ئەستۆی ئیسرائیل و ئەمریکا دایە، کە خۆیان جەنگەکەیان هەڵگیرساندووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ