رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای شاماران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە تاوەکو نزیکەی سێ مانگی دیکە ناتوانن بە تەواوی تواناوە نەوت لە کێڵگەی سەرسنک بەرهەمبهێنن.
گارێت سۆدێن، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەبەجێکاری شاماران لە راگەیێندراوەکە جەختی لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانی کۆمپانیاکە کردەوە بۆ گەیشتن بە "چارەسەرێکی بازرگانیی هەمیشەیی" لەگەڵ هاوبەشەکانیان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا.
شاماران لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی لە کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسنک لە چارەکی دووەمی 2025دا گەیشتووەتە 63.8 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بە رێژەی 16% زیاترە بەراورد بە چارەکی دووەمی ساڵی رابردوو.
بە گوێرەی راپۆرتی کۆمپانیاکە، لە چارەکی دووەمی 2025دا بەرهەمهێنان بەم شێوەیە بووە:
- لە کێڵگەی ئەترووش، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە 35.1 هەزار بەرمیل بووە.
- لە کێڵگەی سەرسنک، تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە 28.7 هەزار بەرمیل بووە.
بەپێی راپۆرتەکە، پشکی رۆژانەی کۆمپانیاکە لە هەردوو کێڵگەکە گەیشتووەتە 22.7 هەزار بەرمیل، کە ئەمەش 88% بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە بەراورد بە 12.1 هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەمان ماوەی ساڵی 2024.
شاماران هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە بەرچاوەی بۆ زیادبوونی پشکەکانی لە کێڵگەی ئەترووش و هەروەها زیادبوونی بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە گەڕاندووەتەوە.
لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی مانگی رابردووی سەر بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش، شاماران ئاماژەی بەوە کردووە، لە 15ی تەممووزی 2025، بەهۆی تەقینەوەیەک لە یەکێک لە دامەزراوەکانی کێڵگەی سەرسنک کە "گومان دەکرێت بەهۆی هێرشێکی درۆنەوە بووبێت"، بەرهەمهێنان لە هەردوو کێڵگەی سەرسنک و ئەترووش بۆ ماوەیەک راگیراوە.
کۆمپانیاکە دەڵێت، ئێستا بەرهەمهێنان لە کێڵگەی ئەترووش بە تەواوەتی دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی زیانەکانەوە لە سەرسنک، پێشبینی دەکرێت نیوەی توانای بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگەیە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2025 نەگەڕێتەوە و جارێ بە نیوەی توانای کێڵگەکە نەوت بەرهەمدەهێنن.
داهات و خەرجییەکانی شاماران
سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەبەجێکاری شاماران، رایگەیاند: "وەک لە ئەنجامەکانی چارەکی دووەمی 2025دا دەردەکەوێت، ئێمە بەردەوامین لەسەر سەرنجدان لەسەر بەدەستهێنانی داهاتی بەهێز و خێراکردنی دانەوەی قەرزەکانمان. لە ماوەی ساڵی رابردوودا، قەرزە پاکەکانی کۆمپانیاکەمان نزیکەی 50% کەمکردووەتەوە."
بە گوێرەی راپۆرتەکە، داهاتی شاماران لە چارەکی دووەمی 2025 گەیشتووەتە 35.4 ملیۆن دۆلار، کە 56% بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە چارەکی دووەمی 2024. ئەمەش بەهۆی زیادبوونی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی ناوخۆ و زیادبوونی پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی ئەترووشەوە بووە.
لە 30ی حوزەیرانی 2025، کۆمپانیاکە 67.2 ملیۆن دۆلاری کاشی هەبووە و کۆی قەرزەکانی گەیشتووەتە 154.4 ملیۆن دۆلار. لە مانگی نیساندا، کۆمپانیاکە 29.4 ملیۆن دۆلاری قەرزەکانی بۆندەکانی داوەتەوە و لە مانگی ئایاری 2025یشدا بڕی 5 ملیۆن دۆلاری لە قەرزی لایەنە پەیوەندیدارەکان داوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ