نزیکەی 200 هەزار کرێکار دەستەبەریی کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە

07-08-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاری زیادکردنی کەمترین کرێی کرێکارانی ناکارامە بۆ 450 هەزار دینار، چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەکەن.

مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی لیژنەیەکی پسپۆڕ بە بەشداریی نوێنەری وەزارەتی پلاندانان، ژوورە بازرگانییەکان و سەندیکای کرێکاران پێکهات، تاوتوێی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان، گوزەرانی کرێکاران و توانای خاوەنکاران کرا."
 
بە گوتەی مەریوان بەگۆک، لیژنەکە "هەڵسەنگاندنی بۆ کەمترین ئاستی کرێ لە وڵاتانی دەوروبەر وەک تورکیا، ئێران و ئوردن کردووە و دواتر گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە لە دۆخی ئێستا بڕی 450 هەزار دینار وەک کەمترین مووچەی مانگانە بۆ کرێکارێکی ناکارامە گونجاوە."
 
بڕیارەکە رۆژی سێشەممە، 5-8-2025 دەرچووە. پێشتر کەمترین کرێی کرێکاران 350 هەزار دینار بوو.
 
کرێکارانی ناکارامە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پسپۆڕییەکی تایبەتیان نییە.
 
لەبارەی بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، بڕیارەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و راهێنانی پیشەیی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادارکراونەتەوە. گوتیشی: "تیمەکانی پشکنینمان بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن."
 
بۆ ئەو کرێکارانەی مافیان پێشێل دەکرێت و مووچەی مانگانەیان لە 450 هەزار دینار کەمترە، مەریوان بەگۆک رایگەیاند: "هەر کرێکارێک کێشەی هەبوو، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار بکات یان پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 5500ـەوە بکات و سکاڵای خۆی تۆمار بکات، کە هاوکات هێڵەکە بۆ پێدانی هۆشیاریشە بە کرێکاران."
 
لەبارەی ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو، بەڕێوەبەری گشتیی کار ئاماژەی بەوە کرد، "تەنیا لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 116 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە."
 
بەو پێیە، کۆی گشتیی کرێکارانی دەستەبەرکراو لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە "نزیکەی 200 هەزار کرێکار. هاوکات ژمارەی ئەو پڕۆژانەی دەستەبەرییان هەیە لە 29 هەزارەوە بۆ نزیکەی 57 هەزار پڕۆژە بەرزبوونەتەوە."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شێوەی ئێستای دراوەکە

چاپی نوێی لیرەی سووری رادەگەیێندرێت

کۆتایی ئەم هەفتەیە چاپی نوێی لیرەی سووری رادەگەیێندرێت و سێ مانگ دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی لیرەی کۆن و گۆڕینی بە چاپە نوێیەکە.