وەزارەتی دارایی رسوماتێکی نوێی بە بڕی 2000 دینار بۆ 25 مامەڵەی دادگەکان دەرکرد

دوێنێ کاژێر 09:38
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی رێنوێنییەکی نوێی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە وەرگرتنی بڕی 2000 دینار وەک "کرێی خزمەتگوزاری" لە بەرامبەر 25 جۆر مامەڵەی جیاواز لە دادگەکان، کە زۆربەی مامەڵەکانی باری کەسی دەگرێتەوە.
 
ئەو رێنوێنییە، بە ژمارە 13ی ساڵی 2025 بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری دەرچووە و لە 24-12-2025 لە رۆژنامەی فەرمیی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، رێنوێنییەکە پاڵپشتە بە چەند نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران کە لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و تشرینی یەکەمی 2025 دەرچوون، بە مەبەستی رێکخستنەوەی ئەو کرێیانەی لەلایەن دادگەکانەوە وەردەگیرێن.
 
لە مادەی یەکەمی رێنوێنییەکەدا هاتووە، "وەرگرتنی بڕی 2000 دینار وەکو کرێی خزمەتگوزاری بۆ هەر مامەڵەیەک کە لە لیستی هاوپێچدا هاتووە، هەروەها هەر مامەڵەیەکیش لە لیستی هاوپێچدا ناوی نەهاتبێت، هەر هەمان بڕی پارەی لێوەردەگیرێت."
 
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو داهاتە، وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە کە "بڕی پارەی وەرگیراو بە رێژەی 100% دەکرێتە داهاتی کۆتایی بۆ گەنجینەی حکومەت."
 
ئەو مامەڵانەی 2000 دینارەکەیان بەسەردا سەپێنراوە 25 جۆر مامەڵە و بەڵگەنامە دیاریکراون کە بریتین لە:
 
دابەشنامەی شەرعی (القسام الشرعي).
 
بەڵگەنامەی کۆچی دوایی (حجة الوفاة).
 
بەڵگەنامەی لەدایکبوون (حجة الولادة).
 
پووچەڵکردنەوەی بەڵگەنامەی دەسەڵاتپێدراوی (ابطال حجة قیمومة).
 
بەڵگەنامەی پێسپێر (حجة الوصایة).
 
بەڵگەنامەی دایەنیکردن (حجة الحضانة).
 
بەڵگەنامەی پێسپێری کاتی (حجة الوصایة المؤقتة).
 
بەڵگەنامەی راگەیاندنی ئیسلامبوون (حجة اشهار الاسلام).
 
کەمکردنەوەی مارەیی (انقاص المهر).
 
تەڵاقی خولعی (الطلاق الخلعي).
 
رێگەدان بە هاوسەرگیریی دووەم (الاذن بالزواج الثاني).
 
زیادکردن لەسەر دابەشنامە (اضافة الی القسام).
 
ماڵی شەرعی (البیت الشرعي).
 
سەلماندنی هاوسەرگیری (اثبات الزوجیة).
 
سەلماندنی رەچەڵەک (اثبات النسب).
 
رەسمی تانەدان (رسم التظلم).
 
بڕینی بژێوی یان کەمکردنەوەی (قطع النفقة او انقاص النفقة).
 
رەسمی ناڕەزاییبوون (رسم اعتراضي).
 
بەڵگەنامەی رێگەدان بە سەفەرکردن (الاذن للسفر).
 
دابەشنامەی یاسایی (قسام قانوني).
 
راستکردنەوەی یاسایی و شەرعی.
 
راستکردنەوەی بەڵگەنامەی کۆچی دوایی.
 
راستکردنەوەی بەڵگەنامەی پێسپێری.
 
راستکردنەوەی رێککەوتنامەی هاوسەرگیری.
 
پووچەڵکردنەوەی گشت بەڵگەنامەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە