رووداو دوایین گۆڕانکاریی مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق بڵاودەکاتەوە

08-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی دوایین رەشنووسی گۆڕانکاریی مادەکانی 13 و 14ـی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجە، هەندێک گۆڕانکاریی کرۆکی کراون، ئەو گۆڕانکارییانە لەلایەن بەشێک لەلایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی خراونەتە بەردەم فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
 
بەپێی دوایین گۆڕانکارییەکان کە لە رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2023 کراوە، حکومەتی عێراق 400 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بە هەمان میکانیزمەکانی نەوتی عێراق هەناردەی دەکات و دەیفرۆشێت، ئەگەر ئەوە نەکرا بۆ نێوخۆ بەکاردەهێنرێت، عێراق تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە دەگرێتە ئەستۆ و دوو هەژماری بانکی دەکرێتەوە، یەکێکیان بۆ دانانی داهاتەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیی عێراق، هەژمارێکی دیکەش بۆ دانانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت، واتە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی و رێگەپێدانی وەزیری دارایی.

 

گۆڕانکارییەکانیش ئەمانەن:

- مادەی 13:
بڕگەی دووەم - ئەلف:
 
هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق پابەند دەبێت بە بارکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆگەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی بەرهەمە نەوتییەکان "سۆمۆ" لە بەندەری جەیهانی تورکی و بە بڕێک کە رۆژانە لە 400 هەزار بەرمیل نەوت کەمتر نەبێت، بەپێی داتاکانی مانگانە کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و دوای پەسندکردنی لەلایەن وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان.
 
کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە بەهەمان نرخ و میکانیزمەکانی پشتپێبەستراو لەلای ئەو کۆمپانیاوە هەناردە دەکات و داهاتەکانی دەبنە داهاتی کۆتایی گەنجینەی گشتی.
 
ب- ئەگەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە یان هەر بەندەرێکی دیکەی فەرمییەوە کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیاری دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنەوەی ئەو بڕە نەوتانەی کە لە بڕگەی "ئەلف"ـی ئەم مادەیە ئاماژەی بۆ کراوە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ بەکارهێنانی لەنێوخۆدا بەپێی ئەو پێویستییەیە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دیاری دەکات.
 
ج- وەزارەتی دارایی فیدراڵی قەرەبووی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوە ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەردەهێنرێت و لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە بەپێی بڕگەی "ئەلف" و "بێ" لەم بڕگەیە دیاریکراوە، بەو مەرجەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەکسان بێت لەگەڵ تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بەرمیلی نەوت لەلای وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و جارانی ئەو بڕە بەرمیلانە بکرێت کە بەپێی ئەم بڕگەیە وەرگیراون.

- مادەی 14:
یەکەم:
 
‌ئەلف- کۆی داهاتەکانی نەوتی هەناردەکراو یان فرۆشراو لەنێوخۆدا ئەوانەی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەرهەمهاتوون لە یەک هەژماری بانکی کە لە بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە و سەرجەم ئەو داهاتانەی لە هەناردەکردن یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانیانەوە بەدەست دێت بەبێ لێبڕین دادەنرێت و سەرجەم هەژمارەکانی هاوشێوەی دادەخرێن.
 
ب- وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە و ئەو خشتانەی تێیدایە و لە هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پشتپێبەستراو بێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یان هەر کەسێک لە شوێنی ئەو رێگەپێدراو دەبێت دەسەڵاتی راکێشانی لەو هەژمارە هەیە، بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە و ملکەچی چاودێریی دارایی حکومەتی ناوەندی و دیوانی چاودیری دارایی فیدڕاڵی دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 8-6-2023، جوان عەبدوڵڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا رێککەوتنی کۆتایی و تەواو لەبارەی ئەو دوو ماددەیەی لە رەشنووسی بودجە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە نەکراوە، پێشڤەچوون هەیە و لە زۆر لە بڕگەکان لێکتێگەیشتنی باش هەیە و بەشێک لە بڕگەکان رێککەوتنی نیمچە کۆتاییان لەسەرە."
 
جوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "دانوستاندن لەبارەی گەیشتن بەدوایین رەشنووسی پەسەند بەلای ئێمە و بەرامبەرەکانیشەوە بەردەوامە، هەوڵەکان چڕبوونەتەوە و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن زۆرە."
 
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023 پەسند بکات، کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 12.67%ـە و نزیکەی 16 تریلیۆن دینار دەبێت.
 
رەشنووسی بودجەی عێراق لە 13ـی مانگی ئادارەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، دوایینجار لیژنەی دارایی پەرلەمان لە 25ـی ئایاری ئەمساڵ لەبارەیەوە کۆبووەوە، ئەو کۆبوونەوەیە ناکۆکیی خستە نێو ئەندامانی لیژنەکە، بەتایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە مادەکانی 13 و 14. هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر گۆڕانکارییەکانی لیژنەکە هەیە.
 
مادەی 13ـی رەشنووسەکە رێککەوتنی لەبارەوە کراوە و تەنیا مادە 14 ماوە، ئەویش بەشێکی بەپێی زانیارییەکانی رووداو چارەسەرکراون، هەرچی پەیوەندیی بە نەوتی کەرکووک و نەینەوا و بە هاوبەشی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانە کە بەپێی دەستکارییەکەی لێژنەی دارایی دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشە بودجەی خۆی رێژەی 10٪ـی بگەڕێنێتەوە، هێشتا رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەوە نەکراوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بودجە دەکات و، دوێنێ (چوارشەممە، 7-6-2023) لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کرد، بەرگری لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو پرۆژەیاسای بودجەدا بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە