ژووری بازرگانیی دهۆک: 85%ـی ئەو کاڵایانەی لە ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردە دەکرێن بۆ بازاڕەکانی عێراق دەچن

08-08-2022
هیدایەت جان
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک دەڵێت، بەهۆی هەڵگرتنی پێناسی گومرگییەوە لەسەر چەندین کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق، جموجووڵی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کەمیکردووە و دەشڵێت: "بۆ گەڕاندنەوەی جموجووڵی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە گومرگ لەسەر کۆمەڵێک کاڵا و پێداویستی سەرەکی کەمبکاتەوە." 
 
رۆژی دووشەممە 8-8-2022، ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک میوانی بوولتەنی ئابووری کاژێر 09:00ـی تۆری میدیایی رووداو بوو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "رکابەرییەک لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق دروستبووە و ئێستا بازرگانان لە کام دەروازەی سنووری گومرگی کەمتر وەربگیرێت، کاڵاکانیان بەوێدا هاوردە دەکەن." 
 
ئەیاد حەسەن گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەند کۆبوونەوەیەک گەیشتە ئەو باوەڕەی کە جموجووڵی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە و پێویستە هەندێک رێکار بگرنەبەر؛ بۆیە بڕیاریدا کۆمەڵێک لەو کاڵا و پێداویستییە سەرەکییانەی کە بازاڕیان لەنێو عێراقدا باشە، گومرگیان کەمبکرێتەوە بۆ ئەوەی کۆچی بازرگانان لە هەرێمی کوردستان دروستنەبێت و بازرگانان روو لە بەکارهێنانی دەروازە سنوورییەکانی عێراق نەکەن." 
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک پێیوایە، "کاریگەری ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتێک دەردەکەوێت کە بازرگانەکان زیاتر روو بکەنەوە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاتووچۆی بارهەڵگر و جموجووڵی بازرگانی تیایاندا بەرزتر ببێتەوە." 
 
بەگوتەی ئەیاد حەسەن، 85%ـی ئەو کاڵایانەی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل و دەروازەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێت، بۆ بازاڕەکانی عێراق دەچێت و دەڵێت: "بازاڕی عێراق بەراورد بە بازاڕی هەرێمی کوردستان گەورەتر و بەکاربەرترە و پشتی بە هاوردەکردن بەستووە؛ بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە بڕوانێتە ئەو بابەتە." 
 
رۆژی 1ـی ئابی 2022، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "عێراق رکابەری هەرێمی کوردستان دەکات و پەیڕەوکردنی کۆمەڵێک رێنمایی گومرگی لەلایەن بەغداوە کاریگەریی گەورەی لەسەر جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە. بەم دواییانە ئەوان پێناسی گومرگییان لەسەر 220 کاڵا هەڵگرت." 
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گوتی: "بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەک پێکهێندرا و بەشێک لە رسووماتی 171 کاڵا کە زۆربەیان پێداویستی هەنووکەیی خەڵکن، پێناسی گومرگییان بە رێژەی 25٪ بۆ 60٪ کەمکرایەوە." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە