رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق، روونکردنەوەیەکی لەبارەی نامەی ژمارەیەک کۆنگرێسمان بڵاوکردەوە، کە لەبارەی کەرتی نەوتی عێراق بۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان ناردووە. وەزارەتەکە نێوەڕۆکی نامەکە رەتدەکاتەوە، بە "ناڕاست و هەڵبەستراو" ناوی دەبات.
رۆژی یەکشەممە، 08-09-2024، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق پابەندە بە بەرزترین پێوەرەکانی بێگەردی لە بەرهەم و هەناردەکردنی نەوتدا، هەموو داتا و زانیارییەکانی خۆی لە کەناڵە فەرمییەکانی بە شێوەیەکی رێکوپێک و وردەکاریی تەواوەوە بڵاودەکاتەوە. وەزارەت لە بواری بەرهەم و بەبازاڕکردنی نەوتەوە، تەنیا لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە رەسەنەکان مامەڵە دەکات لە نێویاندا کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
لە نامەکەی ئەو کۆنگرێسمانانە ئاماژە بە رۆڵی عێراق کراوە لە هاوکاریکردنی ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، وەزارەتی نەوت جەخت لەوەدەکاتەوە ئەو قسانەی تەنیا "هەڵبەستراو و درۆن و هیچ بنەمایەکی راستیان نییە. عێراق بە هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتن لەگەڵ دۆستەکانی لە ئەمریکا لە بواری کەرتی وزە و هاوردەکردنی گاز و کارەبا مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات."
وەزارەتی نەوت دەڵێت، بە رۆژی رووناک، گرێبەستەکانیان تەواو شەفاف و ئاشکران، بۆ هاوردەکردن و دانەوەی شایستەکانی ئێران. عێراق رێز لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان دەگرێ، پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتی. پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکە لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندیی دوولایەنە بنیاتنراوە، ئەوەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان، هیچ کارێک ناکات، کە بنەمای نێودەوڵەتی پێشێل بکات.
سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکان، وەزارەتی عێراق دەڵێت: "گرێبەستە نەوتییەکان، وردبینی و چاودێریی تووندیان بۆ دەکرێ، گرێبەستەکانی هەناردەکردن نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و نەوتی رەش، بەوپەڕی شەفافی لەسەر بنەمای یاسا و رێنماییەکانی حکومەتە کارەکانیان دەکرێ، ئەوەش هەموو ئەو پروپاگەندانە بەتاڵ دەکاتەوە، کە گوایە میلیشیاکانی پێ پارەدار دەکرێت، بەستنەوەی وەزارەت بە لایەنی ئەمنی بە دەقی یاسا و دەستوور رێکخراوە. هیچ لایەنێکیش ناتوانێ گوشار بکاتە سەر وەزارەت."
هەر لە درێژەی روونکردنەوەکەدا، وەزارەتەکە سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێ لەوەی لە نامەکەدا باس لەوەکراوە کە هەندێک بەرپرس نەوت بە قاچاخ دەبەن و یاری پێدەکەن. بە ناوی عێراقەوە، تەواوی ئەو پروپاگەندانانە رەتدەکەنەوە و تەحەدا دەکات، بەڵگەیەک هەبێ، ئەمە بسەلمێنێ.
وەزارەتی نەوت دووپاتی دەکاتەوە، وەزارەتەکە بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، میکانزمەکانی "تەواو پاک و شەفافە"، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەرە فەرمییە پشت پێ بەستراوەکانی جیهان دەکرێ، کە بەندەری مینای بەسرە و بەندەری جەیهانی تورکییە. دامەزراوەی جیهانی (KPLER) بەدواداچوون و چاودێری دەکات. هەموو داتاکانیش بەوردی هەن لەبارەی بڕ، جۆر و گواستەوەکان، هەر لایەنێک دەتوانێ پشکنین بۆ داتاکان بکات.
"نەوت بۆ ئێران بە قاچاخ نانێردرێ، هەموو گرێبەستەکانی نەوتی عێراق لەسەر بنەمای FOB کراوە، بەرپرسیاریێتی کۆمپانیای سۆمۆ کۆتایی دێ، کاتێک نەوت دەخرێتە سەر کەشتییەکان و تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوت." وەزارەتی نەوتی عێراق وا دەڵێت.
سەبارەت بەستنەوەی نەوت و دۆلار بۆ بەرژەوەندی ئێران وەک نامەکەدا هاتووە، وەزارەتی نەوت دەڵێ، عێراق یەکێک لەو وڵاتانەی زیاتر پەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوی بازرگانیی نەوت و دراوەکان. بوونی هەر مامەڵەیەکی نهێنی و نایاساییش رەتدەکاتەوە. وەک دەزانرێ هەموو داهاتی نەوت لە رێگەی فیدراڵیی ئەمریکییە.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا وەزارەتی نەوتی عێراق، سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێ لەوەی، ماوە ماوە هەرکاتێک سەردانی بەرپرسێکی گەورەی عێراقی بۆ ئەمریکا نزیک دەبێتەوە، ئەو جۆرە پروپاگەندە و قسە و قسەلۆکانە بڵادەبێتەوە.
رۆژی 30-08-2024، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمیی عێراقی رایگەیاند، بەم نزیکانە سەردانی ئەمریکا دەکات و وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی گاز دەخاتە بەردەم کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە.
گوتیشی: "لە گەڕی پێنجەمی تەواوکاری و شەشەمی گرێبەستەکانی مۆڵەتدا 29 کێڵگەی گازی خرانەڕوو، بەڵام لەبری ئەوانە گرێبەست بۆ 14 کێلگەی نەوتی کرا کە لە پارێزگاکانی عێراق. ئەو کێڵگانە تەنیا واژۆی کۆتاییان ماوە. تەنیا 9-10 کێڵگەی گاز ماون کە لە رۆژئاوای عێراقن و بڕێکی زۆری گازیان تێدایە."
رۆژی چوارشەممە 4ـی ئەیلوولی 2024، پێنج کۆنگرێسمانی ئەمریکا کە هەر پێنجیان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکان نامەیەکیان ئاراستەی بایدن کرد. لە نامەکەیاندا داوا لە بایدن دەکەن رێگە بە سەردانی وەزیری نەوتی عێراق نەدات تاوەکو لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دەکرێت، کە ئاراستەی کراون.
پێنج کۆنگرێسمانەکە لە نامەکەدا ئاماژە بە تێوەگلانی حەییان عەبدولغەنی و بەرپرسانی دیکەی عێراقی لە تێکەڵکردنی نەوتی ئێران بە عێراق و ساخکردنەوەی دەکەن و داواش دەکەن بایدن لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بکات.
کۆنگرێسمانەکان نیگەرانی خۆیان لەبارەی ئەو راپۆرتانە دەردەبڕن کە ئاماژە بەوە دەکەن، "سێکتەری نەوتی عێراق بووە بە ئامرازێک بۆ پارەدارکردنی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و سوپای پاسدارانی ئێران".
ئەو پێنج ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەیان بە راپۆرتێکی پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک کردووە کە ئاماژە بەوە دەکات، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێران لەگەڵ سوپای پاسداران ساڵانە یەک ملیار دۆلاریان لەو رێگەیەوە دەستدەکەوێت.
هەر لە نامەکەیەیاندا کۆنگرێسمانەکان دەڵێن، نەوتی ئێران تێکەڵ بە نەوتی عێراق دەکرێت و لەلایەن هێزە نزیکەکانی ئێران بەقاچاخ دەبردێت و دەشڵێن، "پێدەچێت بەرپرسانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و وەزارەتی گواستنەوە ئاگادار بن و تێوەگلابن".
ئەندامەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پەیامەکەیان بۆ بایدن ئاماژەیان بەوە کردووە، هەموو ئەو شتانە لەکاتێکدا روودەدەن کە "بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا بە داخراوی ماوەتەوە و وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیدەکاتەوە ئەو بۆرییە بکاتەوە کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە".
لە نامەکەدا داوا لە بایدن کراوە پێداچوونەوە بەو تۆمەتانە بکات کە ئاراستەی بەرپرسە عێراقییەکان کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ