رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، توانی بەرگری لە ئاستە بەرزەکانی هەفتەی رابردووی خۆی بکات و تەنیا چەند دۆلارێک دابەزی، ئەوەش بەهۆی پرۆسەی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ نزیکەی 10 دۆلار دابەزی و لەنزیک 3583 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12ـی ئەم ساڵ، بەڕێژەی 0.7٪ دابەزی و بە 3626 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکایە کە چاوەڕوانی دروستکردووە بانکی ناوەندی رێژەی سوودی بانکی 50 خاڵ دابەزێنێت."
رۆدا دەڵێت، "هەموو هۆکارەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکەن بەتایبەتی ئەگەر هاتوو هەڵاوسان دابەزێت کە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بتوانێت خۆی لە 3600 دۆلار بداتەوە."
ئامارەکانی هەفتەی رابردووی وەزارەتی کاری ئەمریکا ئاشکرای کرد، رێژەی بێ کاری لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە بۆ 4.3٪ کە بەرزترین ئاستی 4 ساڵی رابردووە.
ئێستا بازرگانان چاویان لەوەیە بانکی ناوەندی بۆ رێگریکردن لە سستبوونەوەی زیاتری بازاڕی کاری ئەمریکا بەڕیژەی 0.5٪ سوودی بانکی دابەزێنێت کە دەبێتە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=755,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=720,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=617,000
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ