رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) رایگەیاند، ئابووریی جیهان لەوە باشترە کە چاوەڕوان دەکرا، سەرەڕای ئەوەی رووبەڕووی نادڵنیایی درێژخایەن و پێشبینیی گەشەی مامناوەندی بووەتەوە.
کریستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە واشنتن بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئابووریی جیهان "باشترە لەوەی لێی دەترساین، بەڵام خراپترە لەوەی پێویستمانە."
جۆرجیڤا گوتیشی، سندوقەکە ئێستا پێشبینی دەکات گەشەی جیهانی ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوو "تەنیا کەمێک خاو دەبێتەوە."
لێدوانەکانی جۆرجیڤا پێش کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی وەزیرانی دارایی و پارێزگارانی بانکە ناوەندییەکان دێت لە بانکى جيهانى و سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە واشنتن.
شۆکە یەک لەدوای یەکەکان
جۆرجیڤا رایگەیاند: "هەموو نیشانەکان ئاماژە بە ئابوورییەکی جیهانی دەکەن کە بە گشتی بەرگەی گوشارە تووندەکانی چەندین شۆکی گرتووە" و ئاماژەی بە باشتربوونی بنەماکانی سیاسەت، خۆگونجاندنی کەرتی تایبەت، باجی کەمتر و بارودۆخی دارایی باشتر کرد.
جۆرجیڤا ئاماژەی بەوەکرد، رێژەی باجی ئەمریکا لە 23% لە مانگی نیسانەوە بۆ 17.5%ـی ئەمڕۆ دابەزیوە، بەڵام هۆشداری دا کە کاریگەریی تەواوی ئەو باجانە "هێشتا دەرنەکەوتووە."
رەخنەی تووند لە ئەورووپا
جۆرجیڤا تووندترین رەخنەی ئاراستەی ئەورووپا کرد، کە لە ساڵانی رابردوودا کێشەی گەشەی ئابووری هەبووە، بە پێچەوانەی ئەمریکاوە.
جۆرجیڤا گوتی: "پرۆژەکەتان تەواو بکەن و بە جموجووڵی کەرتی تایبەتی ئەمریکا بگەنەوە."
بۆ گەورەترین ئابووریی جیهان، جۆرجیڤا داوای لە ئیدارەی ترەمپ کرد چارەسەری کورتهێنانی فیدراڵیی وڵاتەکە بکات. بۆ چینیش، دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان، جۆرجیڤا داوای چاکسازیی دارایی دووپاتکردەوە بۆ بەهێزکردنی بەکاربردنی تایبەت و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سیاسەتی پیشەسازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ