رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گازپرۆم نەفتی رووسیا کە لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی گەرمیان یان سەرقەلا کاردەکات رایگەیاندووە کە کارەکانی لە کێڵگەی گەرمیان پەرەپێدەدات و جگە لە بیری ژماری 4 کە لە مانگی 4 ی ئەمساڵ هەڵیکۆڵیوە و لە ئەنجامدا بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە، پلانیان هەیە بیرێکی نوێی نەوت لە کێڵگەی سەرقەڵا هەڵکۆڵن کە دەبێتە بیری ژمارە 5 لە کێڵگەکە.
سێرگەی پێترۆف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازپرۆم نەفت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، بەپێی پلانەکەیان لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەست بەجێبەجێکردنی بیری ژمارە 5 دەکەن و تاوەکو ساڵی 2023 ش ئەو بیرە نوێیە ئامادە دەکەن بۆ قۆناخی بەرهەمهێنان و پێشبینی دەکەن بەهۆی ئەو بیرە نەوتەوە رۆژانە لە نێوان 7 تاوەکو 8 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر لە کێڵگەکە بەرهەم بێت.
کۆمپانیای گازپرۆم نەفت لەڕێگەی بیری ژمارە 4ـەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی سەرقەڵا بۆ رۆژانە نزیکەی 30 هەزار بەرمیل بەرزکردەوە. ئەو بیرە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە نزیکەی 11 هەزار بەرمیل نەوت هەیە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازپرۆم نەفت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارت بە بیری ژمارە 4 دەڵێت، "سەرەتا پێشبینیمان دەکرد بیرەکە رۆژانە لە نێوان 7 تاوەکو 8 هەزار بەرمیل نەوتی تێدابێت، بەڵام دواتر دەرکەوت توانای هەیە رۆژانە نزیکەی 11 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت".
کۆمپانیای گازپرۆم نەفت لە کێڵگەی سەرقەڵا خاوەنی 40٪ـی پشکەکانە و تاوکو ئێستا زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی سەرقەڵا بەرهەمهێناوە.
کۆمپانیای گازپرۆم جگە لە کێڵگەی سەرقەڵا، خاوەنی زۆربەی پشکەکانی دوو بلۆکی نەوتی هەڵەبجە و شاکەلە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ