وەزیرانی وزەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە

09-09-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ هەینی وەزیرانی وزەی یەكێتیی ئەوروپا لەسەر چارەسەری قەیرانی وزە و گەیشتن بە "وەڵامێکی یەکگرتوو" بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکراینا کۆدەبنەوە. 
 
جەنگی ئۆکراینا لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی و ئابووریی یەكێتیی ئەوروپای بەرەو هەڵدێر برد. هاوکات، چاوەکان هەمووی لەسەر ئەوەبوون کە ئایا رووسیا بۆریی گازەکەی دەگرێتەوە یان نا.
 
پێش جەنگی ئۆکراینا، 40٪ـی کۆی هاوردەی گازی یەکێتیی ئەوروپا لە رووسیاوە دابیندەکرا، کە زۆربەی دەچووە ئەڵمانیا.
 
ئەمڕۆ هەینی 9-9-2022، کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەی بڕۆکسلدا، داوا لە وەزیرانی وزەی یەكێتییەکە دەکات بۆ ئەوەی ژمارەیەک پێشنیاز بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی قەیرانەکە بخەنەڕوو. 
 
چاوەڕوانیش دەکرێت سەرنج لەسەر قەرەبووکردنەوەی ماڵەکان و شوێنەکانی بزنس بێت کە بەدەست باجی بەرزی کارەباوە دەناڵێنن. ئەوەش بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ شوێنەکانی کار بکەن تاوەکو بەردەوامی بە جووڵەی بازرگانی بدرێت. 
 
لە کۆبوونەوەکەی بڕۆکسلدا، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا میکانیزمێک دەخاتەڕوو کە ئەو کۆمپانییانەی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە گاز کارناکەن، وەکو ئەو کۆمپانیانەی بە وزەی ئەتۆم، خۆر و وزەی نوێبووەوە کاردەکەن، داهاتەکانیان بەش بکەن. 
 
نرخی کارەبا لە ئەوروپا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ نرخی گاز هەیە. ئەوەش واتای ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیانەی بە گاز کارناکەن، "داهاتێکی گەورەیان" دەستدەکەوێت لەکاتێکدا بەشێکی کۆمپانیاکانی دیکە بە دەست کڕینی گازەوە دەناڵێنن.
 
هاوکات، ئەو کۆمپانیایانەی بە سووتەمەنی بەبەردبوو کاردەکەن و داهاتی زۆریان لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە بەدەستهێناوە، هەمان رێکاریان بەسەردا دەسەپێندرێت. 
 
ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو گازپرۆمی رووسیا رایگەیاند کە هێڵی گازی نۆردستریم یەک بەتەواوی دەگرێتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، لە ماوەی ساڵێکدا نرخی گاز بە رێژەی 340٪ لە ئەوروپا بەرزبووەتەوە. لەدوای بڕیاری گرتنەوەی نۆردستریم یەکیش، نرخەکە بە رێژەی 35٪ زیاتر بەرزبووەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە