نرخی زێڕ بۆ 2912 دۆلار بەرزبووەوە

10-03-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و ئۆنسەیەکی بە 2912 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەو مەترسییانەی جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا لەسەر ئابووریی جیهان دروستیان کردووە، بە بەردەوامی بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەژماردەکرێن.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 10-3-2025) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و بە 2912 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 2919 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە سەرەکییەکانی دیکە، دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی 4 هەفتەی رابردوو، ئەوەش پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی کاپیتاڵ دۆت کۆم، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "مەترسی لەسەر گەشەی ئابووریی جیهان هەیە، هاوکات سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش ناڕوونی زۆری دروستکردووە، ئەوەش خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "بە ئەگەری زۆرەوە؛ زێڕ ئاستی 3 هەزار دۆلار لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بەدەستدەهێنێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە