نەوتی برێنت بە کەمتر لە 65 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

10-04-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی. تووندبوونەوەی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین بە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت دادەنرێت. 
 
رۆژی پێنجشەمە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 77 سەنت دابەزی و بە 64 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 65 سەنت دابەزی و بە 61 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتی 90 رۆژی دایە وڵاتانی دیکە جگە لە چین و پێناسە گومرکییەکانی سەر ئەو وڵاتانەی هەڵپەسارد.
 
نرخی نەوت رۆژی چوارشەممە سەرەتا بەڕێژەی 7٪ دابەزی، بەڵام پاش ئەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا پێناسە گومرکییەکانی سەر دەیان وڵاتی هەڵپەسارد بەڕیژەی 4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
 
دۆناڵد ترەمپ هەرچەندە پێناسە گومرکییەکانی سەر 75 وڵاتانی هەڵپەسارد، بەڵام پێناسی گومرکیی سەر چینی بەڕێژەی 21٪ـی دیکە بەرزکردەوە بۆ 125٪.
 
شارەزایانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) رایانگەیاند، "زیادکردنی پێناسە گومرکییەکان لەسەر چین، نادڵنیایی زۆری لە بازاڕدا دروستکردووە."
 
بەپێی ئەو شارەزایانە، نادڵنیاییەکان، گەشەی ئابووریی جیهان و خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە