رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زیو لە کاتی داخرانی بازاڕەکاندا 1.53 دۆلار، یاخود 2.41٪ دابەزی و بە 61.91 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەم پێیە، ئێستا هەر کیلۆیەک زیو بە 1,990 دۆلارە.
بەیانیی دوێنێ هەینی نرخی ئۆنسەیەک زیو گەیشتبووە 64.57 دۆلار کە بەرزترین ئاستی نرخەکەیەتی لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
دابەزینەکە دوای ئەوە هات کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە وەبەرهێنەران هەوڵی بەدەستهێنانی قازانجیان دا و بازاڕ چووە نێو قۆناخێکی کورتی راستکردنەوەی نرخەکان پێش داخستن.
سەرەڕای دابەزینەکە، ژینگەی گشتیی بازاڕی کانزا بەنرخەکان هێشتا بە ئەرێنی ماوەتەوە و ئاڕاستەکەی بەرەو بەرزبوونەوەیە.
بڕیاری ئەم دواییەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود و گۆڕینی سیاسەتەکەی بۆ ئاراستەیەکی نەرمتر، بوونەتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ نرخەکان لە مەودای مامناوەنددا.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ نیازێکیان نییە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوود، هەروەها پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو جارێک و لە ساڵی 2027ـیش جارێکی دیکە رێژەی سوود کەمبکرێتەوە.
هاوکات هاتنەناوەوەی پارەیەکی زۆر بۆ نێو سندوقەکانی وەبەرهێنان و بوونی داواکارییەکی بەهێز لەلایەن بەکارهێنەران و، پێشبینییەکانی بۆ دروستبوونی "کورتهێنان" لە بازاڕی زیو لە ساڵی داهاتوودا بەهێزتر کردووە.
ئەمە جگە لەوەی کەرتی پیشەسازی بە بەردەوامی پێویستی بە زیو هەیە، بەتایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خۆر، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ژێرخانی سەنتەرەکانی داتا، کە ئەوەش پاڵپشتییە بۆ مانەوەی نرخی کانزاکە لە ئاستێکی بەرزدا.
لە لایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوەی نرخی کرێ (Lease Rates) و تێچووی قەرزکردن بۆ زیوی فیزیكی لە بازاڕی لەندەن، ئاماژەیە بۆ ئەوەی گوشار لەسەر دابینکردنی زیوی راستەقینە هەیە و گەیاندنی کانزاکە رووبەڕووی بەربەست بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ