رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی نەوت زیاتر دابەزی بەجۆرێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 61 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە دابەزی بۆ 57 دۆلار و 44 سەنت.
نرخی نەوت هەفتەیەکی بە دابەزینی گەورەی 4٪ـی بەڕێکرد.
بە تەنیا لە رۆژی پێنجشەممە نرخەکانی نەوت بە رێژەی 1.5٪ دابەزینیان بەخۆوە بینی.
ئەندرو لیپۆ، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاریی (لیپۆ ئۆیل ئەسۆسییەت) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بازاڕی نەوت رووبەڕووی زیادەی نەوت بووەتەوە و گوێی بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا نەداوە کە دەبووایە بوونەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتیی ڤەنزوێلا دا گرتووە کە سزای لەسەر بووە."
هەندێ سەچاوەی ئاگادار لە حکومەتی ئەمریکاوە رایانگەیاندووە کە ئەو وڵاتە پلانی هەیە دەست بەسەر کەشتی زیاتری نەوتی ڤەنزوێلا دا بگرێت.
ئاشکرایە بازرگانانی نەوت هێندە گرنگییان بەو بابەتە نەداوە و دەزانن کە نەوتی زۆر لە بازاڕدا هەیە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، ساڵی داهاتوو خستنەڕووی نەوت 3.84 ملیۆن بەرمیل زیاترە لەو خواستەی کە لەسەری دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ