رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی هەینی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک لە نزیک 4,280 ـەوە بەرزبووەوە بۆ 4,350 دۆلار، بەڵام لە چەند کاژێری کۆتایی بازاڕدا بەشێک لە قازانجەکانی لەدەستدا و لە کۆتاییدا لە نزیکەی 4,300 دۆلار داخرا.
بەوپێیەش لە ئاستی رۆژانەدا نرخی زێڕ زیاتر لە 1٪ بەرزبووەوە. لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە 4,366 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە ئاستی هەفتانەدا، زێر هەفتەیەکی گرینگی بەڕێکرد، بەوپێیەی کە بە رێژەی 3٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.
بەپێی شرۆڤەکاران، لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە دوای راگەیاندنی سوودی بانکی، پاڵپشت بووە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ. جیرۆم پاوڵ کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لە ساڵی داهاتوودا رەتنەکردەوە، هەرچەندە مەرجداری کرد بە داتای نوێی ئابووری ئەمریکاوە.
لەلایەکی دیکەوە جیرۆم پاوڵ سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند دەست بە کڕینی قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا دەکەنەوە.
کڕینی قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی نەختینە لە بازاڕەکانی ئەمریکادا کە دەتوانێت پاڵپشتی بۆ بازاڕەکان دروستبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ