نرخی بیتکۆین ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمارکرد

10-07-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی بیتکۆین ئەمڕۆ پێنجشەممە لە نزیکەی بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا مامەڵەی پێودەکرێت کە دوێنێ شەو تۆماری کرد و گەیشتە 112 هەزار 52 دۆلار.
 
هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای پشکی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا بەتایبەتی (ئێن ڤیدیا) تایبەت بە بەرهەمهێنانی چیپی ئەلیکترۆنی، رۆژی چوارشەممە لەگەڵ داخستنی بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا، بەهای بیتکۆین ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمارکرد و 112 هەزار دۆلاریشی تێپەڕاند.
 
نرخی یەک بیتکۆین ئەمڕۆ لە نزیک 111 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لە مانگی پێنجی ئەم ساڵدا نرخی یەک بیتکۆین گەیشتە 111 هەزار و 814 دۆلار و بەوپێیەش بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا تاوەکو دوێنێ شەو تۆمارکرد، بەڵام نرخی بیتکۆین دوێنێ شەو ئەو ئاستەشی شکاند. 
 
جگە لە بەهای بیتکۆین، بەهای زۆربەی دراوە دیجیتاڵییەکانی دیکە وەک ترۆن و سۆلانا بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە.
 
لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، نرخی بیتکۆین زیاتر لە 2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بەهای کۆمپانیای ئێن ڤیدیا، رۆژی چوارشەممە بووە یەکەم کۆمپانیای جیهان کە بەهاکەی بەرزبووەوە بۆ 4 تریلیۆن دۆلار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە