رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی ئەمریکی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشە سەربازییەکانی لەبارەی تەنگەی ستراتیژیی هورمز تووندتر کردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بازاڕی وزە، نرخی نەوتی سووکی تێکساس (WTI) ٪5.03 بەرزبووەوە و گەیشتە 87.65 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەم هەڵچوونە نوێیەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە بازاڕی جیهانی بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە لە دۆخێکی زۆر ناسەقامگیردایە.
نرخی نەوت لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە. هەرچەندە بەیانیی رۆژی سێشەممە نرخەکان کەمێک دابەزین، ئەوەش دوای کۆبوونەوەی نائاسایی ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) بۆ تاوتوێکردنی بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی نەوت، بەڵام لێدوانە تووندەکانی ترەمپ دووبارە نرخەکەیان بەرەو سەرەوە برد.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، نرخی نەوت گەیشتبووە سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هۆکاری سەرەکیی ئەو بەرزبوونەوەیە بۆ هێرشەکانی ئێران دەگەڕایەوە بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان کە تەنگەی هورمزی پەکخستبوو. تاران ئەم هەنگاوەی وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا نا.
ئێستا چاوی وەبەرهێنەران لەسەر پێشهاتە سەربازییەکانی ناوچەی کەنداوە، چونکە هەر جۆرە پێکدادانێکی نوێ لە تەنگەی هورمز دەبێتە هۆی کارەساتێکی ئابووری و بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ