پاشەکشەی کاتیی نرخی نەوت و ئاڵۆزی لە گەرووی هورمز؛ جەنگی ئێران ئابووریی جیهانی هەژاندووە

11-03-2026
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەرییە ئابوورییەکانی بەسەر جیهاندا فراوانتر کردووە. رۆژی سێشەممە بازاڕەکان گۆڕانکاریی خێرایان لە نرخی وزە و پشکەکاندا تۆمارکرد، لە کاتێکدا گرژییەکان لە تەنگەی ستراتیژیی هورمز بەردەوامن.
 
دوای رۆژێکی پڕ لە نا سەقامگیری، نرخی نەوتی خاو بە شێوەیەکی کاتی پاشەکشەی کرد. نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 11.3% دابەزی و گەیشتە 87.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمە لە کاتێکدایە  پێشتر نرخەکەی نزیک ببووەوە لە 120 دۆلار. ئەم دابەزینە دوای ئەوە دێت کە واشنتن و لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی هێورکردنەوەی بازاڕەکان دەدەن.
 
دۆخی تەنگەی هورمز بووەتە جێگەی مشتومڕێکی زۆر؛ کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا یاوەریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووە، بەڵام پۆستەکە دوای چەند خولەکێک سڕایەوە و کۆشکی سپی رەتیکردەوە هیچ یاوەرییەک کرابێ. لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هیچ کەشتییەکی ئەمریکی "نەیوێراوە" لە تەنگەکە نزیک بێتەوە. دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و گوتی: "نابێت هیچ مینێکی دەریایی لە ناو تەنگەی هورمزدا بچێنن."
 
لە پێشهاتێکی مەیدانی توونددا، گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ناوچەکە لە (روەیس)ـی ئیمارات، وەک رێکارێکی خۆپارێزی داخرا، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کۆمەڵگەکە و بووە هۆی دروستبوونی ئاگر و دەنگی تەقینەوەی بەهێز.
 
کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا، بەڵێنی دا کە "هەموو کارێکی پێویست" دەکەن بۆ رێگری لە بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان لە ئەورووپا تاوەکو هاووڵاتیان دووبارە تووشی قەیرانی ساڵانی 2022 و 2023 نەبنەوە. هاوکات، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) لەگەڵ وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت کۆبوونەوەیەکی نائاساییان کرد بۆ تاوتوێکردنی بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی نەوت بۆ جێگیرکردنی بازاڕ.
 
بووژانەوەی پشکەکان و قەیران لە میسر و هیندستان
 
پشکەکان: بازاڕەکانی پاریس، لەندەن و فرانکفۆرت زیاتر لە 1.5% بۆ 2.4% بەرزبوونەوە. لە ئاسیاش، بازاڕی پشکەکانی سیئۆل و تۆکیۆ بەرزبوونەوەی بەرچاویان تۆمار کرد.
 
میسر: حکومەتی میسر نرخی سووتەمەنیی ناوخۆیی تاوەکو 30% بەرزکردەوە و هۆکارەکەی بۆ ئەو گوشارە "نائاساییانە" گەڕاندەوە کە جەنگەکە لەسەر رێڕەوەکانی گواستنەوە دروستی کردوون.
 
هیندستان: نیودەلهی رێکاری تووندی بۆ دابەشکردنی گازی سرووشتی و گازی چێشت لێنان گرتە بەر، ئەمەش دوای ئەوەی هاوردەکردنی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە تووشی پەککەوتن بوو؛ چێشتخانەکانی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدەن کە رەنگە ناچار بن دەرگاکانیان دابخەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە