رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای هەڵگیرسانی جەنگ و مەترسییەکان لەسەر رێڕۆ ئاوییەکان، ئێران لە هەناردەکردنی بڕێکی زۆری نەوتی خاو بۆ چین لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بەردەوامە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ رادەگەیێنێت، هێزی دەریاوانیی ئێرانیان تێکشکاندووە و پێویستە کەشتییەکان "ئازایەتی" نیشان بدەن.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاند، لە 8ی ئەم مانگەوە 7 کەشتیی نەوتهەڵگر بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون کە 5 دانەیان نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە.
هاوکات سامیر مەدەنی، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای (TankerTrackers) بۆ چاودێریی کەشتییەکان، بە کەناڵی CNBCی ئەمریکی راگەیاند، لەو کاتەوەی جەنگەکە لە 28ی شوبات دەستیپێکردووە، ئێران لانیکەم 11.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە تەنگەی هورمزەوە رەوانە کردووە، کە هەموویان بەرەو چین رۆیشتوون.
بەهۆی هەڕەشەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر هەر کەشتییەک کە بە رێڕۆ ئاوییەکەدا تێدەپەڕێ، زۆرینەی کەشتییەکان سیستمی شوێنپێهەڵگرتنیان کوژاندووەتەوە، بەڵام کۆمپانیاکانی چاودێری لە رێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە جووڵەی کەشتییەکانیان تۆمار کردووە.
تەنگەی هورمز کە پێنج یەکی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، لە مانگی رابردووەوە هاتووچۆی کەشتییەکان تێیدا زۆر کەمی کردووە. بەپێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO)، لە کەمتر لە دوو هەفتەی جەنگدا 10 کەشتی لەو رێڕۆ ئاوییە و نزیکی کەوتوونەتە بەر هێرشی تاران و لە ئەنجامدا 7 دەریاوان کوژراون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیوز، هانی ئەو کەشتییانەی دا کە لە گەرووەکەدا گیریان خواردووە و گوتی، "پێویستە کەمێک ئازایەتی نیشان بدەن و تێپەڕن. هیچ شتێک نییە لێی بترسن، ئەوان هێزی دەریاوانییان نەماوە، ئێمە هەموو کەشتییەکانیانمان نوقم کردووە."
لە لایەکی دیکەوە ئێران دەستی کردووەتەوە بە بەکارهێنانی وێستگەی (جاسک) لە کەناراوەکانی دەریای عومان وەک جێگرەوەیەک بۆ تەنگەی هورمز، تاوەکو نەوتەکەی رەوانە بکات. بەڵام شارەزایانی کەرتی وزە دەڵێن ئەو وێستگەیە کارایی زۆر کەمە؛ بارکردنی یەک تانکەری زەبەلاح لە وێستگەی جاسک 10 رۆژی پێدەچێت، لە کاتێکدا لە دوورگەی خارگ تەنیا یەک بۆ دوو رۆژی پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ