رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی خۆی.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 15 سەنت بەرزبووەوە و بە 69 دۆلار و 92 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 68 دۆلار و 37 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوێنێ چوارشەممە، نرخی نەوتی برێنت 70 دۆلاریشی دەرباز کرد، ئەمەش بەهۆی ئەو بڕیارەی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ستافی باڵیۆخانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس بەڕیژەی 4٪ بەرزببنەوە.
بەپێی سەرچاوە ئەمریکی و عێراقییەکان، ئەمریکا دەستی بە کشانەوەی کارمەندانی کردووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق. سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرێ شوێنێکی مەترسیدار بێت."
لەلایەکی دیکەوە عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی هێرش دەکاتەوەسەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەگەر دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە شکست بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ