مانگی رابردوو نرخی بەنزین لە ئەمریکا بە رێژەی 6.1٪ بەرزبووەتەوە

12-12-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا رایگەیاندووە، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە بۆ ئاستێک بەرزبووەتەوە کە لە 40 ساڵی رابردوودا بێ وێنەیە. وەزارەتی کاری ئەمریکاش دەڵێت، لە مانگی رابردوودا رێژەی هەڵاوسان لە نرخەکانی بەنزین، ئۆتۆمبێلی دەسی دوو، کرێی خانوو و خۆراک  بەراورد بە مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بە رێژەی 6.8٪ بەرزبوونەتەوە.
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و نرخەکانی گواستنە و خۆراک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەو وڵاتە دەگەرێتەوە.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵیداوە لە گەورەیی قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئەمریکا کەمبکاتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە راپۆرتی وەزارەتی کار دابەزینی نرخەکانی سووتەمەنی لە چەند هەفتەی رابردوو لەبەرچاو نەگیراوە. 
 
ئیدارەی بایدن هەروەها رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی نرخەکان هاوکاتە لەگەڵ بووژانەوەی ئابووری دوای تێپەراندنی قەیرانی تەندروستیی کۆرۆنا کە لە بنەڕەتدا بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کاڵا و کەلوپەلەوە دروستبووە.
 
تیلیلا سکۆت، هاووڵاتییەکی ئەمریکییە و دەڵێت، "نرخەکان زۆر بەرزبوونەتەوە. ئەگەر نرخەکان دابەزن بە راستی خۆشحاڵ دەبم. بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، خەڵک پارەیان نەماوە. خەڵک تازە دەگەڕێننەوە سەر کارەکانیان، بەڵام بە راستی ئەم نرخانەی بەنزین جێگەی قبووڵ نییە."
 
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئێریک والکەر دەڵێت، "من تەنکەرێکم هەیە. نرخەکانی بەنزین بە راستی زۆر بەرزن. ناچارم پارە قەرز بکەم بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە سەر کارەکەم. پێشتر بە 70 دۆلار تەنکی بەنزینەکەم پڕدەکرد، بەڵام ئێستا دەبێت 110 دۆلار بدەم تاوەکو پڕی دەکەم لە بەنزین."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا، نرخی بەنزین لەو وڵاتە لە مانگی رابردوو بە رێژەی 6.1٪ بەرزبووەتەوە. هەروەها نرخی ئۆتۆمبێلی دەسی دوو بە رێژەی 2.5٪ بەرزبووەتەوە.
 
ستێفن کێیل، کارمەندی کۆمپانیای وزە دەڵێت، "نرخەکان لەسەرخۆ بەرزدەبنەوە و ئاگات لە خەرجییەکانت نییە، بەڵام لە کۆتایی مانگدا کە چاو لە هەژمارەکەت دەکەی تێدەگەی خەرجییەکانت چەند زیادبوون."
 
بەپێی وەزارەتی کاری ئەمریکا تێکڕای نرخەکان لە مانگی 11 بەراورد بە مانگی 10ـی ئەمساڵ بە رێژەی 0.8٪ بەرزبووەتەوە کە ئەوەش زیاترە لە ئاستی پێشبینییەکان. 
 
ئیدارەی بایدن رووبەڕووبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانی وەک یەکێک لە کارە هەرە لە پێشینەکانی داناوە. بەڵام کۆمارییەکان بە هەوڵەکانی حکومەت رازی نین و پلانە ئابوورییەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ خەرجکردنی چەندین تریلیۆن دۆلار یارمەتی و بووژاندنەوەی ئابووری بەهۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکان ناودەبەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە