رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بەڕێوەبەری بانکێک لە سلێمانی دەڵێت، پارە گەیشتووە و دابەشکردن بەردەوامە. فەرمانبەرانی سێ وەزارەتیش ئەمڕۆ مووچە وەردەگرن، کە ناویان لە خشتەی دابەشکردنی مووچەی ئەمڕۆدا نییە.
بە گوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، مووچەی مانگی دووی خانەنشینی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاباران دابەش دەکرێت.
بەڵام ئەمڕۆ بەرپرسێک لە تیمی (هەژماری من) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ مووچەخۆرانی تۆمارکراو لە هەژماری من لە وەزارەتەکانی تەندروستی، خوێندنی باڵا و پەروەردە، دوای گەیشتنی نامەی ئاگادارکردنەوە بۆیان، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن".
بە گوێرەی لیستی دابەشکردنی مووچە کە دوێنێ وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، کارمەندانی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە رۆژی 17ی ئادار و کارمەندانی وەزارەتی خوێندنی باڵا رۆژی 18ی ئادار نۆرەی وەرگرتنی مووچەیانە.
لە بەشێکی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی قەرەباڵخییەوە ئاستەنگ بۆ دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی دروستبووە. لەوبارەیەوە شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمە دوورە لە راستییەوە، ئەمڕۆ خۆم بەسەر هەموو نووسینگەکانی دابەشكردنی مووچەدا گەڕاوم بەبێ کێشە دابەشکردنەکە بەڕێوە دەچێت".
بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی گوتی: "شەوی رابردوو پارە لە هەولێرەوە گەیشتە سلێمانی و وەرمانگرت، ئەمڕۆ دابەشکردن دەستپێکردووە و پارەی پێویستیش بەردەستە و پرۆسەکە بە هێمنی بەڕێوەدەچێت".
بە گوێرەی راگەیێندراوی 12ـی ئاداری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 18ـی ئەم مانگە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت.
دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، 5ی مانگی دوو دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ