رووداو دیجیتاڵ
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو یەکەم راپۆرتی خۆی لەسەر کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران لەسەر ئابووریی جیهان بڵاوکردەوە و پێشبینیی دابەزینی گەشەی ئابووریی جیهان دەکات.
راپۆرتی نوێی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لەمیانی کۆبوونەوەی قەرزی بەهاری ئەو دامەزراوە دێت لەگەڵ بانکی جیهانی.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) هۆشداری لە دابەزینی ئاسۆی گەشەی ئابووریی جیهان دەدات و رایدەگەیێنێت کە بەهۆی بەردەوامیی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەککەوتنی گواستنەوەی دەریایی لە تەنگەی هورمز، جیهان بەرەو سیناریۆیەکی "نەرێنی" هەنگاو دەنێت، کە تێیدا نرخی نەوت رەنگە بۆ سەروو 100 دۆلار بەرزببێتەوە.
بەپێی نوێترین راپۆرتی سندووقەکە، ئەم ئاڵۆزییانە نەک تەنها دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و ناچارکردنی بانکە ناوەندییەکان بۆ زیادکردنی رێژەی سوود، بەڵکو مەترسیی پاشەکشەی تووندی ئابوورییان بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروستکردووە، بەتایبەت بۆ عێراق، ئێران و قەتەر، کە رووبەڕووی دابەزینێکی بەرچاو لە گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی دەبنەوە.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی جیهان کەمکردەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە کە لە ئەنجامی بەردەوامیی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەککەوتنی گواستنەوەی دەریایی لە تەنگەی هورمز دروست بووە.
سێ سیناریۆی بۆ ئابووریی جیهان دیاری کردووە: سیناریۆی بنەڕەتی (باشترین دۆخ)، نەرێنی و سەخت، ئەمەش بەپێی چۆنێتیی پەرەسەندنی جەنگ.
سیناریۆی بنەڕەتی وا دادەنێت کە ململانێکە کورتخایەن دەبێت، تێکڕای نرخی نەوت لە ساڵی 2026دا نزیکەی 82 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەبێت و گەشەی ئابووری بە جێگیری دەمێنێتەوە.
بەڵام بەرپرسانی IMF هۆشداری دەدەن کە رەنگە ئەم پێشبینییە پێشوەختە بەسەرچووبێت، چونکە جیهان بەرەو سیناریۆ نەرێنییەکە هەنگاو دەنێت.
لە سیناریۆ نەرێنییەکەدا، نرخی نەوت لە دەوروبەری 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەمێنێتەوە و گەشەی ئابووریی جیهان بۆ 2.5% کەمدەکات (لە کاتێکدا لە ساڵی 2025دا 3.4% بووە).
سیناریۆ سەختەکە دەکرێت ئابووریی جیهان بەرەو سستبوونەوە ببات، بە شێوەیەک گەشە بۆ 2.0% دابەزێت و نرخی نەوت بگاتە 110 تا 125 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک (لە ماوەی 2026-2027).
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان، ئەمەش بانکە ناوەندییەکان ناچار دەکات رێژەی سوود بەرز بکەنەوە، کە ئەوەش دەبێتە هۆی زیانی ئابووریی زیاتر.
ئەگەر جەنگ نەبوایە، گەشەی ئابووریی جیهان بەهۆی وەبەرهێنانی تەکنەلۆژی، دابەزینی رێژەی سوود و کەمبوونەوەی گرژییە بازرگانییەکان، کەمێک باشتر دەبوو.
ئابوورییە گەورەکان:
• ئەمریکا: گەشەیەکی مامناوەند (نزیکەی 2.3% لە 2026) کە بەهۆی کەمکردنەوەی باج و وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد پشتیوانی دەکرێت.
• ناوچەی یۆرۆ: گەشەیەکی لاوازتر (نزیکەی 1.1%) بەهۆی پشتبەستن بە وزە.
• چین: گەشەیەکی کەمێک خاوتر (4.4%).
• ژاپۆن: گەشەیەکی کەم بەڵام جێگیر (نزیکەی 0.7%).
• بازاڕە تازە پێگەیشتووەکان — بەتایبەت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست — زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت و بەرهەمی ناوخۆییان بە تووندی دادەبەزێت (بۆ نموونە ئێران، عێراق و قەتەر)، لە کاتێکدا هیندستان وەک وڵاتێکی بەهێز دەمێنێتەوە؛ هۆشداری دەدرێتە حکومەتەکان کە پشتگیریی کاتی و دیاریکراو بەکاربهێنن نەک هاوکاریی گشتگیر و بەرفراوان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ