گەمارۆی ئەمریکا کاریگەریی کەمی لەسەر هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز هەبووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی داتاکانی کەشتیوانی، گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران کاریگەرییەکی کەمی لەسەر هاتووچۆی کەشتییەکان لەسەر تەنگەی هورمز هەبووە و لانیکەم 8 کەشتی، لەنێویاندا سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێران لە رێڕەوە ئاوییەکە پەڕیونەتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، گەمارۆ دەخەنە سەر بەندەرەکانی ئێران. بڕیارەکە لە ئێوارەی دووشەممەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
گەمارۆکە نادڵنیایی زیاتری بۆ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی، نەوت و بیمەی مەترسییەکانی جەنگ دروستکردووە.
 
چەند سەرچاوەیەکی پیشەسازییەکە رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، هێشتا هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز زۆر کەمە.
 
پێش شەڕی ئێران، رۆژانە 135 کەشتی بە تەنگەی هورمز تێدەپەڕین.
 
ئەمە لەکاتێکدایە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، "لە ماوەی 24 کاژێری یەکەمدا، هیچ کەشتییەک گەمارۆکەی ئەمریکای نەشکاندووە و تێنەپەڕیوە،" و ئاماژەی بەوەشکرد، شەش کەشتی پابەندی رێنماییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بوون و گەڕاونەتەوە بۆ بەندەرێکی ئێران.
 
ئەو سێ کەشتییەی پەیوەست بوون بە ئێرانەوە و بە تەنگەکەدا تێپەڕیبوون، بەرەو بەندەرەکانی ئێران نەدەچوون و گەمارۆکە نەیگرتنەوە.
 
داتاکانی دامەزراوەی LSEG دەریانخستووە، کەشتیی 'پیس گەڵف' کە ئاڵای پەنەمای لەسەر بووە، بەرەو بەندەری حەمرییە لە ئیمارات رۆیشتووە.
 
داتاکانی دامەزراوەی کپلەر پێشانی دەدەن کە کەشتییەکە نەفتای ئێرانی دەگوازێتەوە بۆ بەندەرەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ئێرانی نین، بۆ ئەوەی لەوێوە هەناردەی ئاسیا بکرێت.
 
پێشتر، دوو تانکەری سزادراوی ئەمریکا بە رێڕەوە تەنگەکەدا تێپەڕیبوون. داتاکانی کپلەر دەریانخستووە، کەشتیی نەوتهەڵگری 'موریلیکیشان' بەرەو عێراق دەڕوات بۆ بارکردنی سووتەمەنی. کەشتییەکە، کە پێشتر بە MKA ناسرابوو، نەوتی رووسیا و ئێرانی گواستووەتەوە.
 
پێشتریش ریچ ستاری بووە یەکەمین کەشتی لەدوای گەمارۆکە بە هورمزدا تێبپەڕێت. کەشتییەکە چینی بووە و لەژێر سزاکانی ئەمریکا بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە