بانکی نێودەوڵەتی: 5.5 ملیۆن عێراقی دەکەونە هێڵی هەژاری

13-11-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن عێراق هەژاری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بانکی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە هۆشداری دەداتە عێراق، ئەگەر  دۆخی ئابووری بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت ئابووریی عێراق داڕمێت و ملیۆنان کەسیش لەو وڵاتە بکەونە هێڵی هەژارییەوە. 
 
لەراپۆرتێکدا لەژێرناونیشانی "پاراستنی چینی هەژار لە هەڕەشەکانی کۆرۆنا" روانگەی ئابووریی عێراقی سەر بە بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت کاریگەرییەکانی کۆڤید 19، دابەزینی نرخی نەوت و نەبوونی ستراتیژییەتێکی نیشتمانی و پلانی کورتخایەن و درێژخایەن، ملیۆنان عێراقی دەخاتە هێڵی هەژارییەوە. 
 
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات ئەگەر دۆخەکە وا بەردەوام بێت و کۆمەڵێک چاکسازیی خێرا نەکرێن، کەمترین و سوکترین زیان نزیکەی 5.5 ملیۆن عێراقی دەخاتە هێڵی هەژارییەوە. هەروەها پێشبینی دەکات ئابووریی عێراق لە ساڵی 2020 بە رێژەی 9.5٪ تووشی پووکانەوە بێت.
 
پێشتر لەماوەی 5 ساڵی رابردوودا ئابووریی عێڕاقی قەت بەو رێژەیە تووشی پووکانەوە نەبووە، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی 6.8٪ دووچاری پووکانەوە بووە. 
 
بەپێی راپۆرتەکە لە هەشت مانگی رابردوودا داهاتی ناوخۆیی بە رێژەی 47٪ کەمی کردووە و تائێستاش خەرجییەکانی وەک کرێی گشتی و مووچەی خانەنشینی وەک خۆی بەبەرزی ماوەتەوە، ئەمەش وادەکات پارەدانی حکومەت لە بودجە بەرز بکاتەوە.
 
ساروج خان، بەڕێوەبەری هەرێمی فەرمانگەی رۆژهەڵات لە بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت: "ئەگەر حکومەت چاکسازییەکانی کاغەزی سپی جێبەجێ بکات، ئەمە دەبێتە هۆی دروستکردنی پلەی وەزیفی لە کەرتی تایبەت و گەشەکردنی ئابووری، ئەمەش دوو مەرجی سەرەکین بۆ خۆشکردنی ژیانی عێراقییەکان و زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی بە رێژەی 58.4٪."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە