رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی دۆلار لە بەرامبەر تمەن بەرزبووەوە و یەک دۆلار بە زیاتر لە 89 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوێنێ، یەک دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر 87 هەزار و 350 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام ئەمڕۆ نرخی دۆلار نزیکەی 2 هەزار و 800 تمەن بەرزبووەتەوە و بە 89 هەزار و 150 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەپێی ئەو بازرگانانەی کە لە بازاڕی نێوخۆیی ئێران مامەڵە دەکەن، خواست بۆ کڕینی دۆلار بەرزبووەتەوە، بەهۆی نیگەرانی لە گەڕانەوەی سزا ئابوورییەکانی ئەورووپا لەسەر ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە.
ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا کە وڵاتە ئەورووپییەکانی نێو رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانن، نیگەرانیی خۆیان راگەیاندووە لەسەر ئەگەری دەرچوونی ئێران لە پەیماننامەی NPT. ئەو سێ وڵاتە دەتوانن میکانیزمێک کارا بکەن کە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران بگەڕێنێتەوە.
لەدوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرپرسانی ئێرانی بەگومانن لە دانوستاندن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا.
ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا هەڕەشەیان لە ئێران کردووە و داوایان کردووە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندنەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ