رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئیسیریۆمێک گەیشتە نزیکەی 4 هەزار و 800 دۆلار. ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی ئیسیریۆم 161 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4 هەزار و 777 دۆلار.
پێشتر لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی ئیسیریۆم گەیشتبووە 4 هەزار و 785 دۆلار. دوایین جار ئیسیریۆم لەو نرخەدا بینرابێت، 9ـی تشرینی دووەمی 2021 بووە. ئێستاش تەنیا 100 دۆلار دوورە لەوەی بگاتە بەرزترین ئاستی مێژوو.
بەرزترین ئاستی مێژوویی کە ئیسیریۆم تۆماری کردبێت، 4,878 دۆلار بوو کە لە 10ی تشرینی دووەمی 2021 تۆمار کراوە.
لە یەک مانگی رابردوودا نرخی هەر ئیسیریۆمێک هەزار و 800 دۆلار گرانبووە.
گەشبینیی واڵ ستریت سەبارەت بەم دراوە دیجیتاڵییە لە زیادبوونێکی بەردەوامدایە و شارەزایان بە گەورەترین بازرگانیی 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوو ناوی دەبەن.
تۆم لی، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی فەندستراترۆژی چوارشەممە لە یاداشتێکدا نووسیویەتی: "چەندین جار رامانگەیاندووە کە پێمانوایە ئیسیریۆم گەورەترین بازرگانییەکی ئاستی باڵایە 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوودا."
لی ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی پڕۆژەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان لە واڵ ستریت، کە بە سامانی وەک دۆلاری ئەمریکی پشتیوانی کراون، لەسەر ژێرخان و بلۆکچەینی ئیسیریۆم دروست دەکرێن.
دامەزراوەی فەندسترات پێشبینی دەکات نرخی ئیسیریۆم تاوەکو کۆتایی ساڵ بگاتە 15,000 دۆلار. لە ماوەی پێنج رۆژی رابردووشدا، نرخی ئیسەریەم 16% بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا بیتکۆین 7% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
هاوشێوەی ستراتیژییەکەی کۆمپانیای "ستراتێجی" بۆ کڕینی بیتکۆین، ژمارەیەک کۆمپانیا دەستیان کردووە بە کڕینی ئیسیریۆم وەک هەنگاوێک بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ پاراستنی هاوسەنگی دارایی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ