ئایا جیهان دەتوانێت دەستبەرداری خەڵووز بێت؟

14-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا سەرکردەکانی جیهان و هەزاران توێژەر و چالاکڤان بۆ کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرازیل کۆبوونەتەوە، هەستێکی گەورەی نائومێدی هەیە، چونکە جیهان بە خێرایی پێویست هەنگاو نانێت بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا.
 
ئەو گازانەی دەبنەهۆی گەرمبوونی زەوی لە زیادبووندان و پلەی گەرماش لە سەرانسەری جیهان لە بەرزبوونەوەدایە. لە ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتی لە سووتەمەنییە نەریتییەکان دەکات. لە هیندستان و چینیش بەکارهێنانی خەڵووز زیاد دەکات.
 
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم هەواڵە ناخۆشانەدا، هەندێک گۆڕانکاریی ئاڵۆز و هیوابەخشیش هەن.
 
بۆچی خەڵووز کێشەیەکی گەورەیە؟
 
خەڵووز بە پیسترین جۆری سووتەمەنی دادەنرێت و نەک هەر بۆ کەشوهەوا خراپە، بەڵکو بۆ تەندروستیی مرۆڤیش زیانی زۆرە. بۆیە وازهێنان لێی هەنگاوێکی زۆر پێویستە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەر و زیانبەخشەکان.
 
بۆ نموونە لە ئەمریکا، کاتێک وازیان لە بەکارهێنانی خەڵووز هێنا و گازی سرووشتی و وزەی پاکیان بەکارهێنا، رێژەی گازە گەرمکەرەکان کەمیکرد.
 
هەواڵە خۆشەکان چین؟
 
ئێستا نزیکەی یەک لەسەر سێی وڵاتانی جیهان بەڵێنیان داوە واز لە بەکارهێنانی خەڵووز بێنن. تەنانەت هەندێک وڵات کە خۆیان خەڵووزێکی زۆریان هەیە، وەک ئەڵمانیا، ئیسپانیا و مالیزیا، لەنێو ئەو وڵاتانەدان.
 
دۆخی وازهێنان لە خەڵووز لە جیهاندا ئاڵۆزە، بۆ نموونە:
 
وزەی پاک (وەک وزەی خۆر و با) زۆر بەخێرایی گەشە دەکات. زیاتر لە 90%ی ئەو کارەبایەی لە ساڵی 2024 لە جیهاندا بەرهەمهێندراوە، لە سەرچاوەی پاکەوە بووە. بەڵام لە هەمان کاتدا خواست لەسەر وزەش زیاد دەکات، بۆیە وزە پاکەکە هەمیشە جێگەی وێستگە کۆنەکان ناگرێتەوە.
 
چین ئێستا بەتەنیا زیاتر لە هەموو جیهان خەڵووز بەکاردەهێنێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، گەورەترین وەبەرهێنەر و بەرهەمهێنەری وزەی خۆر و بایە لە جیهاندا.
 
لە هەندێک وڵات، وەک ئەمریکا، سیاسەتڤانان دژی وزەی پاک دەوەستنەوە، بەڵام لە زۆر وڵاتی دیکە حکومەتەکان بەردەوامن لەسەر سیاسەتی وزەی پاکتر.
 
بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجەکانی رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا، پێویستە جیهان زۆر خێراتر هەنگاو بنێت.
 
چارەنووسی کرێکارانی کانە خەڵووزەکان چی دەبێت؟
 
یەکێک لە نیگەرانییە گەورەکان ئەوەیە کە چارەنووسی ئەو کرێکار و خەڵكە چی دەبێت کە لە کانەکانی خەڵووزدا کاردەکەن و بژێوییان لەسەر ئەوەیە.
 
هیچ کەس نایەوێ ئەزموونی بەریتانیا لە ساڵانی هەشتاکاندا دووبارە بێتەوە، کاتێک کانەکان بەخێرایی داخران و هەزاران کرێکار بێکار بوون و ناوچەکانیان بۆ دەیان ساڵ تووشی هەژاری بوو.
 
بەڵام رێگەچارە هەیە، وەک، راهێنانەوەی کرێکاران بۆ کاری نوێ، یارمەتیدانیان بۆ کردنەوەی کاری بچووکی خۆیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینی.
 
ئایا هیوایەک هەیە؟
 
جیهان ئێستا تەکنەلۆجیای وزەی پاکی هەیە کە هەرزانترە. لە زۆربەی شوێنەکان، وزەی خۆر و با لە خەڵووز هەرزانترن.
 
جگە لەوەش، وزەی پاک بۆ تەندروستیی ئەو کەسانەی لە نزیک وێستگەکان دەژین و کاردەکەن زۆر باشترە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە