ساڵانە 15 ملیۆن نەمام، دار و گوڵی سرووشتی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن

15-12-2020
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن نەمامگە
A+ A-
رووداو دیجیتال
 
بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر گوڵی سرووشتی، نەمامی جوانی و باخداری لەعێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، ساڵانە نزیکەی 15 ملیۆن نەمام جوانی و باخداری و گوڵی سرووشتی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باخداری هەرێمی کوردستان، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوو و 10 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 48 ملیۆن و 291 هەزار نەمام، دار و گوڵی سرووشتی لە توركیا، ئێران، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، كینیا و چەند وڵاتێكی دیكە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون.
 
بەپێی داتاكان بازرگانی هاوردەکردنی نەمام و دار و گوڵ ساڵ بەساڵ لەهەرێمی كوردستان لەزیادبووندایە، بە جۆرێك لە سێ ساڵی رابردوودا بەراورد بە سێ ساڵی پێشتر بە رێژەی 41% زیادیكردووە.
 
سەرەڕای داخستنی سنوورەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە 10 مانگی رابردووی ئەمساڵدا، نزیكەی 12 ملیۆن نەمام و داری جوانی و گوڵی سرووشتی هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون، بەراود بەهەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا بە رێژەی 64.3% زیادیكردووە.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاماری هاوردەکردنی نەمام  و دار و گوڵ بەپێی ساڵەکان بەو جۆرە بووە: ساڵی 2013، چوار ملیۆن و 471 هەزار نەمام  و دار و گوڵ. ساڵی 2014، پێنج ملیۆن و 563 هەزار. ساڵی 2015، چوار ملیۆن و 658 هەزار. ساڵی 2016، سێ ملیۆن و 221 هەزار. ساڵی 2017 سێ ملیۆن و 573 هەزار، ساڵی 2018، نۆ ملیۆن و 917 هەزار، ساڵی رابردوو پێنج ملیۆن و 62 هەزار نەمام  و دار و گوڵ هاوردە کراوە.
 
حوسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت: "خەڵک ئێستا زۆر گرنگی بە سەوزایی دەدات، بۆیە ساڵ بەساڵ خواست لەسەر هاوردەی گوڵ و نەمام و داری جوانی و باخداری لەزیادبووندایە ، ساڵانە بەپێی خواستی بازاڕ نزیکەی 15 ملیۆن گوڵ و نەمام و داری باخداری و جوانی هاوردە دەكرێت".
 
وەزارەتی کشتوکاڵ، دەسەڵاتی بە پارێزگاکان داوە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت بەپێی رێنماییەكان مۆڵەت بدەنە بازرگانان گوڵ و نەمام و دار هاوردە بكەن.
 
حوسێن حەمەکەریم دەڵێت: "جگە لەو داتایانەی لە ئاماری ئێمەدا تۆماركراون لەوانەیە 40٪ تاوەكو 50٪ی ئەو ئامارەش نەمام و گوڵ و دار لە سنووری پارێزگاكان هاوردە كرابێت، چونكە ئەو ئامارانەی ئێمە تەنیا داتای ئەو مۆڵەتانە لەخۆدەگرێت كە بازرگانی پارێزگایەك دەیەوێت لە دەروازەی سنووری پارێزگایەكی دیكە گوڵ و نەمام و دار هاوردە بكات".
 
بەرهەمی نەمامگەکانی حکومەت 70٪ کەمیکردووە
 
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، خاوەنی 32 نەمامگەی حكومییە (13 نەمامگەی دارستان، 16 نەمامگەی باخداری، سێ نەمامگەی جوانكاری).
 
پێشتر نەمامگەکانی حکومەت ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی سێ تاوەكو 4 ملیۆن نەمامی دارستان، ملیۆنێك نەمامی باخداری، نزیكەی 175 هەزار نەمامی جوانكارییان هەبوو. نەمامەکانیش بە نرخی پاڵپشتی 50٪ تاوەكو 75٪ بە جووتیاران دەفرۆشرا، هەندێکیشی دەبەخشرایە فەرمانگە و رێكخراوەكان، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی نەبوونی بودجەوە، بەرهەمیان بە رێژەی 70% كەمیكردووە.
 
حوسێن حەمەكەریم، دەڵێت: "ئێستا ئامانجمان ئەوەیە بەرهەمهێنانی گوڵ و نەمامی جوانی و داری باخداری بەرەو كەرتی تایبەت بڕوات، بۆیە پێشنیازمان بۆ حكومەت كردووە بەشێك لە نەمامگە حكومییەكان بە گرێبەست بدرێنە كەرتی تایبەت، بە مەرجێك نەمام بە نرخی گونجاو بە جووتیاران بفرۆشن و هەلی كار بۆ دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگا و ئامادەییە كشتوكاڵییەكان بڕەخسێنن".
چەند هاونیشتمانییەک لە نەمامگەیەک خەریکی کڕینی گوڵ و دارن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
بۆ وەڵامدانەوەی خواستی بازاڕ ماوەی چەند ساڵێكە بە سەتان نەمامگە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، بەهۆی بوونی خواستیش ژمارەیەك نەمامگەی زۆر گەورە بۆ بەرهەمهێنانی گوڵی سرووشتی و نەمام دامەزراون.
 
نەمامگەی گەڕانەوە بۆ سرووشت، لە سنووری ناوچەی تاسڵوجەی شاری سلێمانی لەسەر رووبەری 550 دۆنم زەوی بە سەرمایەی 25 ملیۆن دۆلار دامەزراوە، ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 10 ملیۆن تاوەكو 15 ملیۆن گوڵ و نەمامی جوانی بەر سێبەر و باخچە و پاركی هەیە.
 
كوردۆ عەزیز ئیبراهیم، بەڕێوەبەری نەمامگەکە، دەڵێت: "لە نەمامگەكەمان نزیكەی 1000 جۆر گوڵ و دارمان چاندووە. بۆ مانگی شوباتی داهاتوو نزیكەی 10 ملیۆن نەمام و گوڵ و دارمان بۆ فرۆشتن ئامادە دەبێت ".
 
بەشێک لەو گوڵانەی هاوردە دەکرێن یان لە نەمامگەکانی کوردستان بەرهەمدەهێندرێن، وەرزین و تەمەنیان تەنیا شەش مانگە، ئەمەش وایکردووە خواست بەردەوام خواستیان لەسەر بێت.
 
نەمامگەی سرووشت هەوڵدەدات هاوردە کەمبکاتەوە، وەک بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت: "هەر گوڵێكمان هاوردەكردبێت بۆ جاری دووەم خۆمان بە قەد یان تۆو زیادمان كردووە. بۆ نمونە ئێستا زیاتر لە 500 هەزار گوڵی سێبەر و 600 هەزار گوڵی بەیبی رۆزمان بەرهەمهێناوە كە پێشتر ژمارەیەكی كەممان لێ هاوردەكردبوون، 350 هەزار كیسی تۆویشمان كڕیوە
 
مانگانە زیاتر لە ملیۆنێك گوڵی سرووشتی لە كینیا هاوردە دەكرێت 
 
جگە لە هاوردەكردنی نەمامی باخداری و گوڵ و داری جوانی بۆ باخچە و پاركەكان، خواست لەسەر گوڵ سرووشتیش زۆر بووە، کە خەڵک زۆرتر لە بۆنەکاندا دەیکڕن.
 
ئێستا بەدەیان پێشەنگای فرۆشتنی گوڵی سرووشتی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، ژمارەیەك كۆمپانیاش تەنیا بۆ هاوردەکردنی گوڵی سرووشتی دامەزراون. هەروەها نەمامگەیەكی تایبەت بە بەرهەمهێنانی گوڵی سرووشتی لە هەولێرکراوەتەوە.
 
سدقی ئیبراهیم بەرواری، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیا و پێشەنگا و كێڵگەی كوردستان فلاوەر بۆ هاوردەكردن و بەرهەمهێنانی گوڵ، دەڵێت: "لە كوردستان خواستێكی زۆر لەسەر گوڵی سرووشتی هەیە ئێمە رۆژانە 17 هەزار گوڵەباخ دەخەینە بازاڕەوە کە تەنیا بەشی سێ تاوەكو چوار پێشەنگا دەكات، بۆ پڕكردنەوەی خواستی بازاڕ ئێمە و سێ كۆمپانیای دیكە مانگانە زیاتر لە ملیۆنێك گوڵ لە کینیا هاوردە دەکەین، بێجگە لەو گوڵ و سەوزاییەی كە لە ئێران و توركیا هاوردە دەکرێت."
 
ساڵانە پارەیەکی زۆر بۆ هاوردەکردنی گوڵی سرووشتی دەچێتە دەرەوە، کە بە گوتەی سدقی بەرواری دەتوانرێت بە ئاسانترین رێگە لە کوردستان بەرهەم بێت. 
 
ئەو دەڵێت: "بەپێی بەدواداچوونی ئێمە مانگانە نزیكەی 7 ملیۆن دۆلار تەنیا لە هاوردەكردنی گوڵی سرووشتی دەچێتە دەرەوە، بۆیە ئەگەر كەسێك بیەوێت وەبەرهێنان لە گوڵدا بکات، ساڵانە قازانجێکی خەیاڵی دەستدەکەوێت".
 
كۆمپانیاكەی سدقی جگە لە هاوردە و بەرهەمهێنانی گوڵ، گوڵیش بەسەر پێشەنگاكان لە كوردستان و عێراقدا دابەش دەكات.
 
سدقی بەراوری، دەڵێت: "بەهۆی زۆربوونی خواست، رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی پێشەنگا و دووكانەكانی گوڵفرۆشتن لەكوردستان و عێراق لەزیادبوونن. لە ماوەی كەرەنتین ئێمە بەدواداچوونێكمان كرد بۆمان دەركەوت تەنیا ئەو پێشەنگایانەی ئێمە گوڵیان پێدەفرۆشین ژمارەیان لە كوردستان گەیشتووەتە 160 پێشەنگا و دووكان، ئەمە جگە لە پێشەنگایانەی كە بریكاری كۆمپانیاكانی دیكەن".
 
گوڵ و نەمام و داری جوانكاریی باخچە و پارك و شەقامەكان، جۆرێكی دیكەن كە لەكوردستان و عێراق خواستێكی زۆریان لەسەرە، بۆیە هەندێ كۆمپانیا تەنیا كاری هاوردەكردنی ئەم جۆرە گوڵ و نەمامانە دەكەن.
 
دانا عەبدولقادر، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانا بۆ هاوردەكردنی گوڵ و نەمام، دەڵێت: "بەپێی خواستی بازاڕ و پرۆژەكان ساڵانە 15 تاوەكو 25 بارهەڵگر نەمام و داری جوانكاری باخچە و پارك و شۆستەکانی لە ئیتاڵیا و هۆڵەندا و توركیا دەهێنین ."
 
بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر نەمام و گوڵ و دار هەیە، دانا عەبدولقادر مەزەندە دەکات ساڵانە 10 تاوەكو 15 ملیۆن گوڵ و نەمام و دار هاوردە بكرێت. 
 
دانا دەڵێت: "خانووەكانی ئێستا وەك پێشتر باخچەیان نییە، بۆیە خەڵك بۆ سەوزایی خووی داوەتە كڕینی گوڵی سێبەر، جگە لەوەش ئەو پرۆژانەی دەكرێن بۆ سەوزایی و رازاندنەوە پێویستیان بە گوڵە، بۆیە فرۆشی گوڵ لە كوردستان زیادبووە"
 

کرێکارێکی نەمامگەیەک لە کاتی کارەکەیدا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بەهۆی زیادبوونی ژمارەی نەمامگەكانی كەرتی تایبەت، ساڵی 2016 بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵەیەكی تایبەت بە گرنگیدان بە نەمامگە و گوڵخانەكان دامەزرا.
 
شەماڵ مزەفەر، سەرۆكی كۆمەڵەی گرنگیدان بە نەمامگە و گوڵخانەكان، دەڵێت: "ئامانجی سەرەكیمان لە دامەزراندنی ئەم كۆمەڵەیە بۆ رێكخستنی كاری نەمامگە و گوڵخانەكان و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیە، بەڵام بەداخەوە خاوەن نەمامگەكان گرنگی بەرێكخستن و كۆمەڵە نادەن".
 
بە گوتەی شەماڵ مزەفەر بێسەروبەرییەکی زۆر لە هاوردە و فرۆشتنی نەمام لە كوردستان هەیە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی جۆری نەمام و گونجاوی لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان هەر كۆمپانیایەك لە خۆیەوە نەمام دێنێت، بەم هۆیەوە ساڵانە پارەیەكی خەیاڵی دەچێتە دەرەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4340 دۆلارە

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ دووەم هەفتەی لەسەر یەک بەرزبووەوە و نزیکبووەتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو تۆماری کردبوو.