نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 90 دۆلار بەرزبووەوە

16-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند وەڵامی هێرشەکانی ئێران دەدەنەوە، ئەمڕۆ سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەرزبووەوە. هاوکات، نرخی زێڕیش بەرزبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینی. 
 
نرخی نەوتی برێنت 46 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیل بە 90 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 43 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی دووشەممە، نرخی نەوت دابەزی، بەهۆی ئەوەی بازرگانان پێیانوابوو هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زیانی کەمی بەدواوە هاتووە.
 
هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی پووچەڵکرایەوە و لەبەر ئەوەش نرخی نەوت رۆژی دووشەممە، یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیە رووی لە دابەزین کرد.
 
وێڕای ئەوەی داوا دەکرێت ئیسرائیل وەڵامی ئێران نەداتەوە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە سوورن لەسەر وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران.
 
ئێران رۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و زیادبوونی گرژییەکان دەتوانێت پچڕانی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەی بەدواوە بێت.
 
نرخی زێر بۆ 2387 دۆلار بەرزبووەوە 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە بەرزبوونەوەکانی بەردەوام بوو و بە 2387 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
سەرەڕای ئەوەی ئامارەکانی کەرتی وردەفرۆشی ئەمریکا کە دوێنێ دووشەممە بڵاوبوونەوە، ئاشکرایان کرد ئابووریی ئەمریکا بە بەهێزی ماوەتەوە و ئەوەش کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دوادەخات، بەڵام نرخی زێڕ گوێی بەو ئامارانە نەدا و لە رۆژی دووشەممە بە تەنیا بە رێژەی 1٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
 
کریستیان بۆرجۆن، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە پلاتفۆرمی ( ئێف ئێکس ستریت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئەگەری هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە."
 
بۆرجۆن پێیوایە هەرچەندە بەهێزیی ئابووریی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لەو وڵاتە بە ئەگەری زۆرەوە بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دوادەخات، بەڵام لەبەر زیادبوونی خواست بۆ کڕینی زێر لەبەر هۆکارە جیۆسیاسییەکان نرخی زێڕ هێشتا رووی لە بەرزبوونەوەی زیاترە.
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ دووبارە ئاستی 2400 دۆلار تێدەپەڕێنێت و لەرووی تەکنیکییەوە کڕیاران ئێستا کۆنترۆڵی بازاڕیان کردووە.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە