ئەپیکور: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دانوستاندن لەگەڵ هەولێر و بەغدا دەکەین

16-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەپیکور سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە لە کۆبوونەوەی کۆشکی سپیدا جەختیان لە هەناردەکردنەوەی نەوت و کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا کردووەتەوە.
 
رۆژی شەممە، 13ـی نیسان، محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو واشنتن بەڕێکەوت؛ رۆژی دووشەممە، 15ی نیسان لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە. 
 
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور کە لە هەشت کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت پێکدێت، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە دەستبەجێ دەست بە دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکاتەوە بۆ ئەوەی هەناردەکردن لەرێگە بۆریی عێراق - تورکیا دەستپێبکاتەوە.
 
لە 25ى ئادارى 2023یەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
 
بەگوێرەى خەمڵاندنى كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان – ئەپیکور، بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە، زیاتر لە 14 ملیار دۆلار زیان بەر خەزێنەى گشتیى عێراق کەوتووە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، لە رێگەی رێککەوتنی نووسراوەوە، داوای گەرەنتی پێدانی شایستە داراییەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە داهاتوو و رابردوودا دەکەن.
 
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان دەڵێت، "وەبەرهێنانی 10 ملیار دۆلاری کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور لە هەرێمی کوردستاندا خزمەت بەو ئامانجانە دەکات کە لە کۆبوونەوەکەی سوودانی و بایدن جەختی لێوەکراوە.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەپیکور دەڵێت، سەرنجیان خستووەتە سەر هاوئاهەنگی و کارکردن لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت بەزوویی دەستپێبکاتەوە.
 
 

 

 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە