رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نیگەرانی لە فراوانبوونی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و پچڕانی گواستنەوەی نەوت، نرخەکەی بەرزبووەوە.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمرۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور یەک دۆلار و 12 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش یەک دۆلار و 10 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت رۆژی هەینی، دوایین رۆژی مامەڵەکانی هەفتەی رابردوو بەڕێژەی 7٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
تووندبوونەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و زیادبوونی ژمارەی قوربانییانی سڤیل، مەترسی لێکەوتووەتەوە کە جەنگەکە بەردەوام بێت و بەخێرایی تەشەنە بکات.
گرژییەکانی نێوان دوو وڵات مەترسی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە هۆکار بۆ پچڕانی گەرووی هورمز کە نزیکەی 25٪ـی نەوتی جیهانی پێداتێدەپەڕێت کە دەکاتە رۆژانە 19 ملیۆن تاوەکو 20 ملیۆن بەرمیل.
تۆشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری فۆجیتۆمی سیکیۆریتیز لەو بارەیەوە رایگەیاند، "زیادبوونی کڕینی نەوت لەلایەن بازرگانانەوە کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان، بەهۆی تووندبوونەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران روویداوە. هیچ ئاسۆیەکیش بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەڕانەوەی ئێران بۆ دانوستاندنەکان بەدیناکرێت."
ئێران رۆژانە نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و دوو ملیۆن بەرمیل نەوتیش لە رۆژێکدا هەناردە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ