رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی دۆلار وەک دراوێکی جیهانی، ئەوەیە کە بازاڕی قەواڵەکانی ئەمریکا و دراوەکەش لە کاتی تەنگژە و گوشارەکاندا وەک پەناگەیەکی ئارام دەردەکەوێ.
کاتێک لە کاتی تەنگژەکاندا ئاستی دڵەڕاوکێ بەرز دەبێتەوە، وەبەرهێنەرانی دامەزراوەیی و حکومەتەکان روو لەو داراییانە دەکەن کە بە دۆلار دیاریکراون، ئەوەش لەبەر ئەوەی بازاڕی سەرمایەی ئەمریکا لە هەمووان ئاسانترە بۆ مامەڵەکردن، هەروەها توانای بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ دابینکردنی نەختینە بێوێنەیە. دواجار، "متمانە" بە ئەمریکا بناخەی هەموو ئەمانەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی متمانەی جیهانی بە واشنتن خەریکە کەم دەبێتەوە - چ پێش جەنگی ئەم ساڵی ئێران و چ لە کاتی جەنگەکەدا - جێگەی پرسیارە ئایا پێگەی دۆلار وەک پەناگەیەکی ئارام تووشی گرفت بووە؟
وەڵامە خێراکە "نەخێر"ـە، بەڵام هەڵەیە ئەگەر وابیربکەینەوە هەموو شتێک جێگیرە، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، نرخ لە ئەمریکا رەنگە زۆرتر گوزارشت بێت لە پارێزراویی ئابووریی ئەمریکا لە تەنگژەکە نەک پێگەی دۆلار. دووەم، بازاڕەکانی سەرمایەی چین لەم تەنگژەیەدا زۆر بە باشی دەرکەوتوون.
کاریگەریی جەنگ لەسەر دۆلار و پشکەکان
ئەگەر سەیری ئەوە بکەین چی روویدا لەنێوان دەستپێکردنی جەنگ و ئاگربەستەکەی 7ـی نیسان، دەبینین بازاڕەکانی ئەمریکا خراپ نەبوون. دۆلار بە رێژەی 2٪ بەرامبەر دراوەکان بەهێز بوو؛ پێوەری S&P بۆ پشکەکان کەمتر لە هاوتاکانی دابەزی. هەرچەندە سوودی قەواڵە 10 ساڵییەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ 4.3٪ بەرزبووەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە هێشتا کەمتر بوو لە هی ئەڵمانیا.
ئەم ئەنجامانە نیشانی دەدەن کە بازاڕەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا پێگەی خۆیان پاراستووە. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەم جەنگەدا، زۆر بەهێزتر بوو لە کاردانەوەی دۆلار لە جەنگی 2003 کە ئەو کاتە بەهای دۆلار زۆر دابەزی.
لە لایەکی دیکەوە، بەشێک لە بەرزبوونەوەی سوودی قەواڵە ئەمریکییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بانکە ناوەندییەکانی جیهان بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانیان قەواڵەکانیان فرۆشتووە. بۆ نموونە، بانکی ناوەندیی تورکیا، بۆ بەرگری لە لیرە و رێگریکردن لە هەڵاوسان، پەنای بۆ فرۆشتنی قەواڵە ئەمریکییەکان بردووە تاوەکو دۆلار دابین بکات.
ئەم دەرکەوتنە باشەی بازاڕی ئەمریکا لە راستیدا رەنگدانەوەی راستییەکی نوێیە: ئەمریکا لە ساڵانی دواییدا بووەتە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت، گاز و چەک لە جیهان، ئەمەش وای کردووە ئابوورییەکەی لە کاتی جەنگی ناوچەکەدا پارێزراوتر بێت. کەواتە بازاڕەکان لێرەدا وەڵامی راستییەکی ئابووریی ئەمریکایان داوەتەوە، نەک پێگەی پێکهاتەیی دۆلار لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتیدا.
سەرهەڵدانی چین وەک جێگرەوە
لە بەرامبەردا، بازاڕە داراییەکانی چین ئارامییەکی نائاساییان نیشانداوە. سوودی قەواڵە 10 ساڵییەکانی چین لە ئاستی 1.8٪ بە جێگیری مانەوە. لە کاتێکدا بازاڕی پشکی چین کەمێک دابەزی، بەڵام دراوی (یوان) بەهێز بوو. چین تاکە وڵاتی هاوردەکاری وزەیە لە جیهاندا کە بەهای دراوەکەی لە کاتی جەنگدا بەرز بووەتەوە.
ئەم ئارامییەی چین بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە. هەرچەندە چین هاوردەکارێکی گەورەی وزەیە، بەڵام بەرهەمهێنانی کارەباکەی بەستراو نییە بە نەوت و گاز، بەڵکو پشت بە خەڵووز، وزەی خۆر، با، ئەتۆم و ئاو دەبەستێت. هەروەها جەنگەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ چین نەبوو، جگە لەوەی پەکین 1.4 ملیار بەرمیل نەوتی وەک یەدەگ هەیە کە بەشی سێ مانگ دەات.
چین کە ئێستا کێشەی هەڵاوسانی نزمی هەیە، توانیویەتی شۆکی بەرزیی نرخی وزە و کەرەستە خاوەکان زۆر باشتر لە وڵاتانی دیکە هەرس بکات. دەسەڵاتدارانی پەکین دەیانەوێ پڕۆسەی بە نێودەوڵەتیکردنی دراوەکەیان خێرا بکەن. شی جینپینگ، سەرۆکی چین، جەختی کردووەتەوە کە بۆ بوون بە "هێزێکی دارایی جیهانی" پێویستییان بە دراوێکی بەهێزە کە لە بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیدا بەکاربێت و ببێتە دراوێکی یەدەگی جیهانی.
سەقامگیریی بازاڕەکانی چین لە چەند هەفتەی رابردوودا، متمانەی نێودەوڵەتی بەو وڵاتە زیاد دەکات. لە بەرامبەردا، وا دیارە واشنتن لەم رۆژانەدا کەمتر بایەخ بە بەدەستهێنانی متمانە دەدات. هەر بۆیە، هەرچەندە پێگەی دۆلار لەم جەنگەدا بە رووکەش بێ زیان دەرکەوتووە، بەڵام برینەکان هەر هەن، با شاراوەش بن.
ئەم راپۆرتە لە پێگەی چاتم هاوس بڵاوکراوەتەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ