گەورەترین بازاڕی بۆرسەی جیهان مامەڵە رووبەڕووەکانی رادەگرێت

19-03-2020
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

بەڕێوەبەری بۆرسەی نیویۆرک کە گەورەترین بۆرسەی جیهانە رایدەگەیێنێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەموو مامەڵە فیزیکییەکانی نێو بۆرسە رادەوەستێنێت و تەنیا لەرێگەی ئۆنلاین مامەڵەکان بەردەوامیان پێدەدرێت.
 
ستەیسی کەنینگهام، بەڕێوەبەری بۆرسەی نیویۆرک رایگەیاند، مشتوومڕی زۆر دروستبووە لەسەر داخستن یان دانەخستنی مامەڵەکان لەنێو بۆرسەی نیویۆرک، بەڵام دواجار بڕیاریان داوە کە مامەڵەی رووبەڕوو رابگرن. دوای ئەوەی دەرکەوت چەند کەسێک لە ستافی بۆرسەکە تووشی کۆرۆنا بوون.
 
بۆرسەی نیویۆرک ئێستاش بەشی زۆری کارەکانی لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدەدات، بەڵام راگرتنی تەواوی مامەڵە رووبەڕووەکانی لە 23ـی مانگەوە دەستپێدەکەن.
 
پێشتر ستیڤن منوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئامادە نییە بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکا دابخات.
 
منوچن جەختی لەوە کردووەتەوە تەنیا لە بەر رووداوی 11ـی سێپتێمبەر بۆرسەکانی ئەمریکا داخرابوون، ئەویش لەبەر ئەوە بووە کە لە رووی تەکنیکی و تەکنۆلۆژیاوە نەکراوە مامەڵەکان بەردەوامی پێبدەن.
 
لەبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بازاڕە داراییەکانی ئەمریکا داڕماون و دابەزینی گەورەیان تۆمارکردووە. وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پێشنیازی کەمکردنەوەی کاتی مامەڵەکردنی لە وۆڵ ستریت کردبوو.
 
بازاڕی بۆرسەی نیویۆرک گەورەترین بازاڕی بۆرسەی جیهانەوە و بەهای ئەو کۆمپانیانەی کە مامەڵە بە پشکەکانیانەوە دەکرێت 30 تریلیۆن دۆلارە.
 
لە 24 کاژێری رابردوودا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە بەشێوەیەکی خێرا لە جیهاندا زیادی کرد و نزیکەی 20 هەزار کەس تووشبوون و نزیکەی 1000 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە