هەناردەی نەوتی ئەمریکا رۆژانە ملیۆنێک بەرمیل زیادبووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەناردەی نەوتی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی کڕیارانی ئاسیا و ئەورووپا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو نەوتەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە لەدەستچووە، روویان لە کڕینی نەوتی ئەمریکا کردووە.
 
بە گوێرەی ئەو داتایانەی حکومەتی ئەمریکا بڵاویکردوونەتەوە، هەفتەی رابردوو هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە 5.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر، رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل زیادی کردووە. 
 
هاوکات ئەمریکا نزیکەی 7.5 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمە پاڵاوتەکراوەکانی وەک بەنزین و سووتەمەنییەکانی دیکەی هەناردە کردووە.
 
بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردە و دابەزینی هاوردەی نەوت بۆ ئەمریکا ئەمریکا، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە.
 
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی هەناردە نیشانەی تێکچوونی دۆخی دابینکردنی وزەیە لە جیهاندا. کێبڕکێی کڕیارانی بیانی لەسەر نەوتی ئەمریکا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و زیادبوونی گوشاری هەڵاوسان کە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە دروستبووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئێرانەوە نرخی لیترێک بەنزین لە ئەمریکا بە زیاتر لە دۆلارێکە، نرخی لیترێک گازوایلیش گەیشتووەتە 1.49 دۆلار کە بەرزترین ئاستە لە مێژووی وڵاتەکە تۆمارکرابێت.
 
ئێدوارد هایدن- بریفێت، لێکۆڵەر لە کۆمەڵەی ئۆنیکس کاپیتاڵ دەڵێت: "ئاسیا و ئەورووپا بەدوای جێگرەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگەڕێن، نەوتی ئەمریکاش باشترین بژاردەیە بۆیان." 
 
کۆمەڵەی راپیدان ئینێرجی دەڵێت، ئەگەر دۆخەکە خراپتر ببێت و نرخی نەوت بگاتە 150 دۆلار، ئەگەری زۆرە حکومەتی ئەمریکا رێگری لە هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە پاڵاوتەکراوەکان بکات بۆ پاراستنی بازاڕی ناوخۆیی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە