ترەمپ و ئێران ئاماژە بە پێشڤەچوونی گفتوگۆکان دەکەن؛ چارەنووسی تەنگەی هورمز نادیارە

19-04-2026
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی تیمی دانوستاندنکاری ئێران رایگەیاند، لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ ئەمریکا بەرەوپێشچوون هەبووە، بەڵام هێشتا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و تەنگەی هورمز ناکۆکیی گەورە ماون. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باس لە "گفتوگۆی زۆر باش" دەکات، بەڵام هۆشدارییش دەداتە تاران لە بەکارهێنانی تەنگەی هورمز وەک ئامرازی گوشار.
 
تۆڕی CBS Newsی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر هەیە رۆژی دووشەممە، دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش ترەمپ بیر لە ناردنی شاندێکی ئاست باڵا دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە پێناو گەیشتن بە رێککەوتن، بە گڕوتینەوە گفتوگۆکان دەستپێبکەنەوە. 
 
هەروەها ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دەڵێت، ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزی ئەمنی بە چڕی لە ئیسلامئاباد بڵاو کراوەتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ گفتوگۆکان. 
 
رۆژی شەممە، هیچ کام لە لایەنەکان وردەکاریی ئەو رەشنووسەیان ئاشکرا نەکرد کە دەیانەوێت تاوتوێی بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە ئاگربەستە کاتییەکەی نێوانیان کۆتایی دێت. 
 
ئەم جەنگە کە لە 28ی شوبات بە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و لوبنانیشی گرتووەتەوە. هەروەها داخستنی تەنگەی هورمز - کە پێش جەنگ پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی - بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا.
 
لە لوبنانیش شەڕ بەردەوامە. سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند کە سەربازێکیان لە باشووری لوبنان کوژراوە و نۆ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
 
هەڵوێستی ئێران لەسەر تەنگەی هورمز گۆڕا
 
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەردانوستاندنکاری ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "پێشڤەچوونمان هەبووە، بەڵام هێشتا مەودای نێوانمان زۆرە. هەندێک پرس هەن ئێمە سوورین لەسەریان. ئەوانیش هێڵی سووریان هەیە، بەڵام رەنگە خاڵە ناکۆکەکان تەنیا یەک دوو پرس بن."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە "گفتوگۆی زۆر باشمان هەبووە"، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەدا. ئەمە لە کاتێکدایە تاران رۆژی شەممە جارێکی دیکە هەڵوێستی گۆڕی و کۆنترۆڵی خۆی بەسەر تەنگەی هورمزدا سەپاندەوە و دایخستەوە.
 
ئێران دەڵێت، ئەم هەنگاوەی وەڵامێکە بۆ بەردەوامیی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی، کە بە "پێشێلکردنی ئاگربەست" ناوی دەبات. 
 
موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان ئامادەن "شکستی تاڵ و نوێ" بەسەر دووژمنەکانیاندا بهێنن. ترەمپیش ئەم هەنگاوەی ئێرانی بە "هەڕەشە و گوشار" ناوبرد، هەرچەندە بە باشی باسی لە گفتوگۆکانیشی کرد.
 
ترەمپ بەرگریی لە گەمارۆکانی وڵاتەکەی کرد و هەڕەشەی کرد ئەگەر تاوەکو رۆژی چوارشەممە نەگەنە رێککەوتنی درێژخایەن، "دەست دەکەنەوە بە بۆردوومانکردن."
 
هێرشکرایە سەر کەشتییەکان
 
نیگەرانییەکان لە تەنگەی هورمز زیادیان کردووە، دوای ئەوەی رۆژی شەممە هێرشکرایە سەر دوو کەشتی کە هەوڵیان دەدا لە تەنگەکە بپەڕنەوە. حکومەتی هیندستان رایگەیاند، باڵیۆزی ئێرانیان لە نیودەلهی بانگهێشت کردووە و نیگەرانیی تووندی خۆیان نیشان داوە لەوەی تەقە لە دوو کەشتیی هیندستان کراوە.
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان سەرقاڵی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی ئێرانن، بەڵام هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشە نوێیەکانی نێو تەنگەکە نەدا.
 
لەنێو ژوورە داخراوەکانی دانوستاندن لە ئیسلامئاباد، کێشەی سەرەکی ماوەی راگرتنی چالاکییە ئەتۆمییەکانە؛ ئەمریکا داوای راگرتنی چالاکییەکان دەکات بۆ ماوەی 20 ساڵ، بەڵام ئێران پێشنیازی تەنیا 3 بۆ 5 ساڵی کردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لەژێر گوشارێکی ناوخۆیی توونددایە؛ هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە تشرینی دووەم نزیک دەبێتەوە و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و هەڵاوسان و دابەزینی ئاستی جەماوەریی، پێویستی بە رێککەوتنێکی خێرا هەیە.
 
سەرەڕای ئەوەی رۆژی هەینی بەهۆی هەواڵی کردنەوەی تەنگەکە نرخی نەوت 10٪ دابەزی، بەڵام ئێستا بەهۆی داخستنەوەی تەنگەکە، نزیکەی 20 هەزار دەریاوان و سەدان کەشتی لە ناوچەکەدا گیریان خواردووە و چاوەڕێی دەرفەتێک دەکەن بۆ تێپەڕبوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تمەن و دۆلار. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

یەک دۆلار بە 152 هەزار و 850 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت

بەپێچەوانەی رۆژی دووشەممە، ئەمڕۆ سێشەممە بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەن بەرزبووەوە.