ئاژانسێکی بەریتانی: تائێستا 16 کەشتی لە کەنداو و تەنگەی هورمز پێکراون

دوێنێ کاژێر 07:17
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، لەوەتەی جەنگی ئەمریکا/ ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، ئاسایشی دەریاوانی لە کەنداوی عەرەبی، تەنگەی هورمز و دەریای عومان بە تەواوی داڕماوە. بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 22 هێرشکراوەتە سەر کەشتییەکان و 16یان پێکراون. 
 
رۆژی هەینی، 20ی ئاداری 2026، ئاژانسەکە نوێترین راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا، کەشتییەک لە رۆژهەڵاتی "رەئس لافان"ی قەتەر بە تەقەمەنییەکی نەزانراو پێکراوە. هەروەها رۆژی چوارشەممە، کەشتییەکی دیکە لە رۆژهەڵاتی "خۆرفەکان"ی ئیمارات کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە ئاگر لە ناو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە.
 
لەبارەی زیانەکانی دیکە لە ناوچەکەدا، راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە لە 12ی ئاداردا، دوو کەشتی گوێزەرەوەی نەوت لە باشووری شاری بەسرەی عێراق هێرشیان کراوەتە سەر و ئاگریان گرتووە، کە دواتر کارمەندەکانیان گواستراونەتەوە. هەروەها لە 11ی ئاداردا، کەشتییەکی بارهەڵگر لە ناو جەرگەی تەنگەی هورمزدا پێکراوە و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی بەشێک لە کارمەندانی نادیارە.
 
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، هێرشەکان تەنیا کەشتییە بازرگانییەکانیان نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە 7ی ئاداردا هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کەشتییەک لە باکووری "جوبەیل"ی سعودیە کراوە. 
 
هەروەها لە 4ی ئاداردا، کەشتییەکی گوێزەرەوەی نەوت لە نزیک ناوچەی "موبارەک ئەلکەبیر"ی کوێت رووبەڕووی تەقینەوەیەکی گەورە بووەتەوە و ئاو چووەتە ناو بزوێنەرەکەیەوە.
 
ئاژانسەکە هۆشداری دەداتە هەموو کەشتییەکان کە لە کاتی تێپەڕبوون بەم ناوچانەدا زۆر وریابن، چونکە جگە لە هێرشەکان، سیستەمەکانی رادار و پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان (AIS) رووبەڕووی پەککەوتن و دەستوەردانی سەربازی بوونەتەوە.
 
جەنگی ئێران بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستیپێکرد. وەکو وەڵامێکیش، تاران بە درۆن و مووشەک هێرشیکردەوە سەر هێرشکارەکان و سەر وڵاتانی کەنداو. لە دووەم رۆژی جەنگەکەشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخستووە و هۆشداریشی لە تێپەڕینی هەر کەشتییەک بە رێڕەوەکەدا داوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە