بەهۆی كۆرۆناوە بازاڕی گیادەرمانەکان لە هەرێمی كوردستان گەرمە

21-08-2020
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێكلامی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ هەندێک گیادەرمان، كە گوایە بەرگریی لەش بەهێز دەکات، فرۆشی هەندێک گیادەرمان و رووەكی پزیشكی  بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، خاوەنی هیچ ئامارێك نییە لە بارەی ژمارەی پێشەنگە و سەنتەرە گیادەرمانەكان، بەڵام بەپێی ئاماری كۆمەڵەی رووەكناسانی كوردستان كە سەرپەرشتی و ئەم  پێشەنگا و سەنتەرانە دەكات زیاتر لە 500  پێشەنگا و سەنتەری گیادەرمان لە هەرێمی كوردستان هەن.
 
جەلال كەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمەڵەی رووەكناسانی كوردستان، كە خاوەنی سەنتەرێكیشە بۆ فرۆشتنی گیادەرمان و رووەكە پزیشكییەكان لە شاری سلێمانی، دەڵێت: "دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خواست لەسەر كڕینی گیادەرمان بە رێژەیەكی بەچاو زیادیكردووە، بۆ نموونە ئەو رووەک و گیادەرمانینەی بەرگریی لەش بەهێز دەکەن، فرۆشیان بە رێژەی 200% زیادیكردووە".
 
ئەو رووەکناسە ئاماژە بەو رووەک و گیایانە دەدات کە بازاڕیان گەرمە و دەڵێت: "ئێستا لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین خواست لەسەر  مێخەك، پونگ (نەعناع) ، جاترە، قست هندی، یوكالپتۆس، ئەكناسیایە".
 
سەبارەت بە نرخەکانیشیان جەلال کەریم دەڵێت: "نرخەکانیان بەگوێرەی کواڵێتی و جۆرەکەیانە، بۆ نموونە  پونگی کێڵگە كیلۆی بە 5 تاوەكو 7 هەزار دینارە،  پونگی خۆرسک كیلۆی  12 هەزار دینارە، جاترەی کێڵگە كیلۆی 8 هەزارە، خۆڕسکەکەی بە 12 هەزار دینارە، ئەكناسیا كە رووەكێكی دژە بەكتریا و ڤایرۆسە كیلۆی بە 50 هەزار دینارە، قستی هیندی دوو جۆری هەیە قاوەییەكەی كیلۆی بە 50 هەزار و زەردەكەی بە 25 هەزار دینارە، مێخەكیش  كیلۆی بە 10 تاوەكو 15 هەزار دینارە".
 
هەرچەندە هاووڵاتیان بەناوی چارەسەر و رێگری لە تووشبوون بە کۆرۆنا ئەو رووەک و گیایانە دەکڕن، بەڵام جەلال كەریم دەڵێت: " ناتوانین بڵێین ئەم گژوگیایانە دەرمانن بۆ چارەسەری نەخۆشیی كۆرۆنا، چونكە نەكراون بە دەرمان و ئەندامەكانمان لە سەنتەر و پێشەنگاكان بەشێوەی خاو بە خەڵكی دەفرۆشن، بەڵام دەتوانین بڵێین تەواوكەری خۆراكین و كاریگەریان بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكانی نەخۆشیی كۆرۆنا هەیە".
 
زیاتر لە 100 جۆر رووەكی پزیشكی و گیادەرمان لە سەنتەرەكەی جەلال كەریم هەن،  زۆربەیان بەرهەمی خۆماڵین، لە كوێستان و دەشت و چیاكانی كوردستان كۆكراونەتەوە.  
 
جەلال كەریم، دەڵێت: "زیاتر لە 60%ی رووەكە پزیشكی و گیادەرمانەكانی سەنتەرەكەم بەرهەمی خۆماڵین، لە وەرزی رووان لەلایەن كەسانی تایبەت كۆكراونەتەوە و بەشێوی زانستی وشککراونەتەوە، بۆ ناسین ئاشناكردنی خەڵكیش بە سوودەكانیان زانیاریی تەواومان لەسەریان نوسیووە". 
 
جەلال كەریم پێیوایە ریكلامی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لێدوانی پزیشكانی خۆراك و شارەزاكان لە كەناڵ و پەیجە ناوخۆیی و جیهانییەكان، رۆڵی گەورەیان هەیە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر گیادەرمان و رووەكە پزیشكییەكان. بە جۆرێک نرخی کیلۆیەک مێخەک گەیشتە 50 هەزار دینار.
 
بەپێی ئاماری كۆمەڵەی رووەكناسانی كوردستان ساڵانە بایی زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار گیادەرمان و رووەكە پزیشكییەكان لە توركیا، ئێران، چین، ئەمەریكا، هیندوستان، سوودان، میسر، چیك، پۆلەندا، بەریتانیا، ئەڵمانیا لە رێگەی كۆمپانیاكان هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن.
 
رووەك پزیشكییە هاوردەكراوەكان جۆریان زۆرە، بەڵام زیاتر جیسینگ، بەرهەمەكانی هەنگ وەك گەردە و دەرەمێو، شاریحانە، زەعفەران، چای سەوز، نەعناع، زیرە، جینكۆ، مێخەک و چەند جۆرێكی دیكە، خواستیان لەسەرە.
 
ئیسماعیل موشیر، سەرۆكی كۆمەڵەی رووەكناسانی كوردستان، دەڵێت: "ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆڵی گەورەی هەبووە بۆ زیادبوونی فرۆشی گیادەرمان و ئەو رووەكە پزیشكییانەی كە تایبەتمەندی بەهێزكردنی بەرگریی لەش و دژە بەكتریا و ڤایرۆسیان هەیە، لە هەولێر ماوەی دوو مانگە فرۆش بە رێژەی 100% زیادبووە، بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین رۆژانە نزیكەی تۆنێك گیادەرمانی و رووەكە پزیشكییەكان بەهەموو جۆرەكانی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت.
 
سەرۆكی كۆمەڵەی رووەكناسانی كوردستان، کە خاوەنی سەنتەرێکی گیادەرمانیشە، دەڵێت لە هەولێر زیاتر خواست لەسەر مێخەك، پونگ، جاترە، یوكالپتۆس، شاریحانە، گوڵە عاجیلە، روونی رەشكەیە، کە بە گوتەی خۆیان بەرگریی لەش بەهێز دەکەن: "بەڵام ناتوانین بڵێین چارەسەرن بۆ نەخۆشیی كۆرۆنا". ئیسماعیل وادەڵێت.
 
بەپێی لێكۆڵینەوە زانستییە جیهانییەكان دەركەوتووە،  كوردستان یەكێكە لەو 21 شوێنەی جیهان كە بەناوچەی گەرم و گرنگ بۆ جۆراوجۆری زیندەوەر و رووەكەكان ناسراوە، بەتایبەت چیای زاگرۆس كە زیاتر لە 17 هەزار رووەكی سروشتی لێ روواوە، تەنانەت لە توێژینەوەكان دەركەوتووە هەرێمی كوردستان زێدی رەسەنی زیاتر لە 3 هەزار رووەك و گیای سروشتیی پزیشكییە، هەندێک  رووەكی پزیشکی تەنیا لە كوردستان هەن.
 
د. سامان عەبدولڕەحمان، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی، پسپۆر لە پۆلێنكردنی رووەكی سروشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەڵێت: "كوردستان پێویستی بەهاوردەكردنی رووەك و گژوگیای پزیشكی نییە، چونكە ناوچە كوێستانییەكانی كوردستان ئەوەندە رووەك و گژوگیای پزیشكی تێدایە نەك هەر پێویستیی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكو لەتوانایدایە پێویستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پڕبكاتەوە و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار داهاتیش بۆ كوردستان دەستەبەربكات ، بە مەرجێك بەشێوەیەكی زانستی گرنگی بەكۆكردنەوەیان بدرێت و وەبەرهێنانی تێدابكرێت". 
 
سەبارەت بەو رێکلامانەی بۆ ئەو گژوگیایانە دەکرێن، وەک چارەسەر بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، د. سامان دەڵیت: "كۆرۆنا ڤایرۆسێكی تازەیە تائێستا وڵاتان نەگەیشتوون بەو قۆناغەی كە ڤاكسنێكی چالاك بۆ كۆنترۆڵكردنی بدۆزنەوە، بۆیە ناوبردنی رووەكە پزیشكی و گیادەرمانەكان وەك چارەسەری کۆرۆنا جگە لە فێڵكردن لە خەڵك شتێكی دیكە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ رووەك و گژوگیای پزیشكی هەن ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی بەكاربهێندرێن بەرگریی لەش بەهێز دەكەن".
 
دكتۆراكەی سامان عەبدولڕەحمان، تایبەتە بە پۆلێنكردنی رووەكی سرووشتی لەعێراق و هەرێمی كوردستان کە لە بەریتانیا بەدەستیهێناوە، ماوەیەك لە سەنتەری مەلەكی بەریتانی كاریكردووە، سەرۆكی دامەزراوەی رووەكی كوردستانیشە، ئەم دامەزراوەیە تایبەتە بە لێكۆلێنەوە و توێژینەوە و پۆلێنكردنی رووەك و گژوگیا سرووشتییەكانی كوردستان.
 
د. سامان عەبدولڕەحمان، دەڵێت: "95%ی خاوەن پێشەنگا و سەنتەرەكانی گیادەرما، هیچ شارەزاییان لە سوودەكانی گیادەرمان و رووەكە پزیشكییەكان نییە، تەنانەت رووەكەكان ناناسن ئەوان تەنیا بازرگانییەكی نائەخلاقی بە گیا و رووەكە پزیشكییەكان دەکەن، بۆ نموونە دەڵێن مێخەك دژە كۆرۆنایە لەراستیدا وانییە، مێخەك ئەگەر غەرغەرەی پێبكرێت كاتێك دەتوێتەوە و دەچێتە ریخۆڵە و گەدە بەكتریا زیانبەخشەكان دەكوژێت و هێوری دەکاتەوە، لەوانەیە نەخۆشەكە وابیربكاتەوە مێخەك دژە كۆرۆنایە، بەڵام راستییەکەی مێخەك دژەبەكتریایە نەك ڤایرۆس".  
 
سەرۆكی كۆمەڵەی رووەكناسانی كوردستان، 700 ئەندامی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام هەموو ئەندامانی كۆمەڵەكە خاوەنی پێشەنگا و سەنتەری گیادەرمان و رووەكی پزیشكی نین.
 
ئیسماعیل موشیر، دەڵێت: "جگە لە كۆمەڵەكەی ئێمە دوو رێكخراوی دیكە بە ناوەكانی رێكخراوی گیاناسان و رێكخراوی رووەكناسی كوردستان هەن، ئەندامی ئەوان و خەڵکی دیكەش پێشەنگە و سەنتەری گیادەرمان و رووەكی پزیشكییان داناوە، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە زیاتر 500 پێشەنگا و سەنتەری فرۆشتنی گیادەرمان و رووەكی پزیشكی لە هەرێمی كورستان هەن".
 
بۆ رێكخستنی كاری پێشەنگا و سەنتەرەكانی فرۆشتنی گیادەرمان و رووەكە پزیشكییەكان، وەزارەتی تەندروستی بەر لە دووساڵ رێنماییەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد، ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی لەسەر دا.
 
بەپێی رێنماییەکە لەمەودوا بۆ كردنەوەی پێشەنگە و سەنتەری گیادەرمان و رووەكە پزیشكییەكان تەنیا مۆڵەت بە دەرچووانی كۆلێژی دەرمانسازی، دەرچووانی بەشی كیمیا و بایۆلۆژی لە كۆلێژی زانست و دەرچووانی كۆلێژی كشتوكاڵ بەشی رووەكناسی دەدرێت، ئەو پێشەنگا و سەنتەرانەشی كە هەن، دەبێت مۆڵەتەكانیان بەناوی دەرچووی ئەو بەشانە بێت.
 
دكتۆر ئارام رۆستەم عەبدوڵڵا، راوێژكاری وەزیری تەندروستی بۆ كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی، دەڵێت: "رێنماییەکە دەرچووە و بۆ جێبەجێكردنیشی گشتاندنی بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگاكان كراوە. بەپێی رێنماییەکە لەهەر پارێزگایەك هۆبەیەكی تایبەت بەگیادەرمان دەکرێتەوە. ئەم هۆبەیە مامەڵە لەگەڵ پێشەنگا و سەنتەرەكانی گیادەرمان و رووەكە پزیشكییەكان دەكات".
 
 دكتۆر ئارام رۆستەم عەبدوڵڵا دەڵێت  فرۆشتنی ئەم گیادەرمانانە بە ناوی چارەسەری کۆرۆنا، هیچ پاڵپشتییەكی زانستی نییە و لە پڕۆتۆكۆڵی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پاڵپشتی نەكراوە، بۆیە ئەو جۆرێكە لە "بازرگانی و فێڵكردن لە خەڵك" و پێویستە سنوورێكی بۆ دابنرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە