لە چین کرێکارانی دیلیڤەری شارەکانیان بە زیندوویی هێشتووەتەوە

22-02-2020
عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

کرێکاران و ماتۆڕسوارانی دیلیڤەری لە چین ئەم رۆژانە ستایش دەکرێن لەبەر ئەوەی لە لووتکەی قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا توانیویانە یارمەتیی هاووڵاتیان بدەن بۆ ئەوەی لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و لەڕێگەی ئەوانەوە خواردنیان پێبگات و لەبەر هەوڵ و ماندووبوونی ئەوان ناچارنین بۆ دابینکردنی پێداویستییە رۆژانەکانیان بڕۆنە دەرەوە. 
 
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانەوە بە قەیرانێکی تەندروستی ناونراوە، زۆربەی هاووڵاتییانی چینی لە ماڵەکانیاندا زیندانی کردووە. زۆر کەس ناوێرن لە ماڵەکانیان دەربچن و شوێنی کارکردنیشیان رێگەی پێداون تاوەکو بارودۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە لە ماڵەوە کارەکانیان بکەن.
 
گائۆ یاچائۆ، کرێکاری دیلیڤەرییە و دەڵێت، "ژمارەی تووشبوان ئەمرۆ بەراورد بە رۆژی رابردوو کەمی کردووە. لەم ماوانەدا ئێمە زۆر ترساین. ئێمە لە مەرگ دەترسین".
 
هەرچەندە کرێکارانی دیلیڤەری یارمەتییەکی گەورەی هاووڵاتیانی چینی دەدەن، بەڵام ئەو کارە بۆ ئەوان هێندە ئاسان نییە. بەرپرسانی خۆجێیی لە شارەکان یاسا و رێسای تایبەتیان بۆ داناون و لەسەریانە دوو دەمامک ببەستن و بەردەوام شوێنی هەڵگرتنی خۆراک و خواردنەوەکان بە دەرمان بشۆن و خاوێنی بکەنەوە بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوەبوونی ڤایرۆسەکە بگیردرێت.
 
گائۆ یاچائۆ باس لەوە دەکات، "هەندێک کەس کە روویان تێدەکەیت و دەتەوێت ناونیشانیان لێبپرسیت، رووی خۆیان وەردەگێڕن و خۆیان بەدوور دەگرن. خەڵک هێشتا زۆر لەم نەخۆشییە دەترسن".
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەیان ملیۆن کەس لە چین لە ماڵەکانیاندا ماونەتەوە و ناڕۆنە دەرەوە. ئەوە ئەرکی سەرشانی کرێکارانی دیلیڤەریی قورسکردووە. 
 
لە شاری ووهان، سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا، لە شەقامە چۆڵەکانی ئەو شارەدا بە تەنیا کرێکارانی دیلیڤەری دەبینرێن کە بە ماتۆرسکیلەکانیان خۆراک، سەوزە و میوە بۆ هاووڵاتییان دەگوازنەوە. کرێکارانی دیلیڤەری جگە لە کاڵا خۆراکییەکان، زۆربەی جار دەرمان و پیداویستییەکانی دیکەی هاووڵاتییانیش دەگەیەننە دەستیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە