رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەیی گازی سرووشتی (CNG) لە ئێران رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی سەر بەنزینخانەکان و هاندانی خاوەن ئۆتۆمبێلەکان، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە کە تێیدا لە نزیکەی 500 وێستگەدا گازی سرووشتی بە خۆڕایی دابەش دەکرێت.
موحسین جەوهەری، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەی پیشەیی گازی سرووشتی رایگەیاند، "ئێستا نزیکەی 20%ی کۆی 2500 وێستگەی گازی سرووشتی لە وڵاتدا، واتە نزیکەی 500 وێستگە، چوونەتە پاڵ هەڵمەتی دابەشکردنی خۆڕایی سووتەمەنی."
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم پرۆژەیە بە هاوکاریی کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی وەکو ئەسفەهان، زەنجان و قەزوین دەستیپێکردووە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی وێستگە بەشداربووەکان لە رۆژانی داهاتوودا زیاد بکات."
بە گوتەی جەوهەری، ئەم هەڵمەتە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ریزە درێژەکانی نۆرەگرتن لە بەنزینخانەکان و هاندانی خاوەن ئۆتۆمبێلە جووت سووتەمەنییەکان (گاز و بەنزین)ە بۆ بەکارهێنانی گازی سرووشتی دەستپێکراوە.
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوە دا، لە رۆژانی رابردوودا سەردانیی خاوەن ئۆتۆمبێلە جووت سووتەمەنییەکان بۆ کاراکردنەوەی سیستمی گازی ئۆتۆمبێلەکانیان زیادیکردووە.
جەوهەری گوتیشی، "هەرچەندە بەکارهێنانی گازی سرووشتی زیاد بکات، گوشار لەسەر سەرچاوەکانی بەنزین کەم دەبێتەوە و کێشەکانی وڵات لەم بوارەدا کەم دەبنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ