رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد و مژاری سەرەکی پەیوەندییەکەش جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بوو.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 15-6-2025 محەممەد شیاع سوودان و مەسعود پزیشکیان بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکوەزیران هاوپشتیی عێراق، حکومەت و گەلی لەگەڵ ئێران دەربڕی کە رووبەڕووی دەستدرێژییەکی ئاشکرای زایۆنی بووەتەوە؛ جەختیشی کردەوە لە پەرۆشی بۆ ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، چونکە بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەوە بەستراونەتەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەسعود پزیشکیان سوپاسی عێراقی کردووە لە بەرامبەر هەڵوێستەکانی و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێویستە وڵاتانی ئیسلامی هەڵوێستێکی یەکگرتوو پیشان بدەن لە بەرامبەر ئەوەی ئیسرائیل دەیکات.
دەقی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامدا.
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیران هاوپشتیی عێراق، حکومەت و گەلی، لەگەڵ ئێران دەربڕی کە رووبەڕووی دەستدرێژییەکی ئاشکرای زایۆنی بووەتەوە؛ جەختیشی کردەوە لە پەرۆشی بۆ ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، چونکە بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەوە بەستراوەتەوە؛ هەروەها جەختی لە پەرۆشیی عێراق کردەوە بۆ فراواننەبوونی بازنەی شەڕ و ئاماژەی بەو جووڵانەوەیە کرد کە حکومەتی عێراق لە رێڕەوی جیاوازەوە پێشەوایەتی دەکات بۆ رێگریکردن لە بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە.
سوودانی ئامادەیی عێراقی دەربڕی بۆ پێشکێشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی ئەو دەستدرێژییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رووبەڕوویان بووەتەوە، لە چوارچێوەی ئەو هاوپشتییەی کە وڵاتانی ئیسلامی کۆدەکاتەوە.
لەلای خۆیەوە، پزیشکیان سوپاسی عێراقی کرد، بە حکومەت و گەلەوە، لەسەر هەڵوێستە راگەیێندراو و روونەکانی لە رەتکردنەوەی رەفتاری قەوارەی زایۆنی و دەستدرێژییە دووبارەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لەپاڵ ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی فەلەستین ئەنجامیان دەدات؛ جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگیی ئەوەی وڵاتانی ئیسلامی هەڵوێستێکی یەکگرتوو وەربگرن بەرامبەر بەم دەستدرێژییانە و پێشێلکارییە ئاشکراکانی یاسای نێودەوڵەتی، کە رەنگە وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ