رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەردانی شاری بات یامی لە باشووری شاری تەلئەڤیڤ کرد.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی لە ئێران کردەوە و رایگەیاند، "دەسەڵاتدارانی تاران باجێکی قورس دەدەن لەبەرامبەر کوشتنی خەڵکی سڤیل، ژن و منداڵ".
رۆژی یەکشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەردانی شاری بات یامی لە باشووری شاری تەلئەڤیڤ کرد کە شەوی شەممە، ئێران لە رێگەی مووشەک و درۆنەوەی کردییە ئامانج.
لەدوای سەردانەکەی بۆ ئەو شارەی ئیسرائیل، نەتەنیاهوو لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی "پێویست و گرنگە پابەندی رێنماییەکانی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ بن، چونکە ئەوانەی گوێیان لە رێنماییەکان گرت و جێبەجێیان کرد، و لە شوێنێکی پارێزراودا بوون، رزگاریان بوو. بەڵام ئەوانەی کە پابەند نەبوون، بەداخەوە، زیانیان بەرکەوت."
نەتانیاهوو لەو شارە سەردانی باڵەخانەیەکی کرد کە لەلایەن ئێرانەوە کرابووە ئامانج و زیانی گەورەی بەرکەوتبوو، لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "ئێران باجێکی زۆر قورس دەدات لەبەر کوشتنی بەئەنقەستی خەڵکی سڤیل، ژنان و منداڵان."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تیمە فریاگوزارییەکانی ئیسرائیل، هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە شەوی شەممە و بەیانیی یەکشەممەدا بووەتە هۆی کوژرانی 10 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 200 کەسی دیکە، کە بەمەش کۆی گشتیی ژمارەی قوربانیانی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە لە 48 کاژێری رابردووەوە بۆ 13 کەس بەرزبووەتەوە.
نەتەنیاهوو، لەبارەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن دژی ئێران و بۆردوومانکردنی چەندین پێگەی سەربازیی و ئەتۆمی، نووسیوویەتی "ئیسرائیل بێگومان دەبوو ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات."
ئۆپەراسیۆنەکە، کە ناونراوە "شێری هەستاوە"، ئیسرائیل رایگەیاندووە بە فەرمی ئامانج لێی رێگریکردنە لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی؛ سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 ئامانجی داوە.
لە درێژەی پەیامەکەیدا، نەتەنیاهوو دەڵێت، "ئێمە بە هەموو ئامانجەکانمان دەگەین و ئەو هەڕەشەی سەر بوونمان لەنێودەبەین کە بریتین لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و توانا مووشەکییە بالیستیکییەکانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ