رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەڕێوەبردن و هەڵسەنگاندنی مۆڵەتەکان لە وەبەرهێنانی دهۆک دەڵێت، "تائێستا 259 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک مۆڵەتیان وەرگرتووە و ئەمساڵ 69 پڕۆژە تەواوبوون کە زۆربەیان لە بوارەکانی پیشەسازی و گەشتیارین".
رۆژی پێنجشەممە، 22-12-2022، دژوار شەوکەت، بەرپرسی بەڕێوەبردن و هەڵسەنگاندنی مۆڵەتەکان لە وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک میوانی بووڵتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "لە سەرەتای دامەزرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنان لە دهۆک، تائێستا 259 مۆڵەتمان بە پڕۆژەی جۆراوجۆری وەبەرهێنان لە دهۆک داوە کە 52 مۆڵەتیان لە بواری پیشەسازی و 52 مۆڵەتی دیکەش گەشتیارین".
دژوار شەوکەت دەڵێت: "لەماوەی ساڵی 2022 لە دهۆک 69 پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواوبوون و رادەستکراون، ئێستا سەرجەمیان لەکاردان، لە کۆی 259 پڕۆژەکە مۆڵەتی 36 پڕۆژە هەڵوەشێندراوەتەوە".
لەبارەی وەستانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە دهۆک، دژوار شەوکەت گوتی: "بەهۆی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014ـەوە کۆمەڵێک وەبەرهێنەر پڕۆژەکانیان لە سنووری پارێزگای دهۆک وەستاندووە و ئێستا گوشارمان لەسەریان دروستکردووە بۆ ئەوەی دەستبەکار ببنەوە". گوتیشی: "هەندێک پڕۆژەش رێگریی یاساییان لەبەردەم بووە و وەستاون، بۆ ئەوانیش لەهەوڵداین ئەو رێگرییانە نەهێڵین و دەست بە کارکردن لە پڕۆژەکاندا بکرێنەوە".
بەرپرسی بەڕێوەبردن و هەڵسەنگاندنی مۆڵەتەکان لە وەبەرهێنانی دهۆک دووپاتیدەکاتەوە: "لە ساڵی 2019ـەوە پلانمان بۆ چوار ساڵی وەبەرهێنان دانابوو و تێیدا 392 پڕۆژەی وەبەرهێنانمان راگەیاندبوو، تاوەکو ساڵی 2022 ژمارەیەک لەو پڕۆژانە کاریان تێدا دەکرێت یان تەواوبوون. بۆ ساڵی 2023ش لەسەر ئەو پلانە کاردەکەین و ئەو پڕۆژانەی ماون، رادەستی وەبەرهێنەرانیان دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ