رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاند، رێژەی بێکاری لە 17 پارێزگای ئەو وڵاتەدا لە ساڵی رابردوو کەمیکردووە، لە تێکڕای هەموو پارێزگاکانیش بە رێژەی 0.2٪ کەمیکردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە رێژەی بێکاریی ژنان لە ئێران 70٪ زیاترە لە رێژە بێکاریی پیاوان.
ناوەندی ئاماری ئێران دەڵێت، رێژەی بێکاری لە 13 پارێزگا زیادیکردووە و لە 23 پارێزگاش رێژەکە تاک ژمارەییە، واتە لە 10٪ کەمترە.
ئەو ناوەندەی ئێران رایگەیاند، رێژەی بێکاری لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێژەی 3.8٪ کەمیکردووە و بە یەکەم پارێزگا هەژمار دەکرێت لە رووی کەمبوونەوەی رێژەی بێکاری.
هەروەها رێژەی بێکاری لە پارێزگای سنە لە 11.7٪ بەرزبووەتەوە بۆ 13.7٪، لە پارێزگای کرماشان لە 14.9٪ دابەزیوە بۆ 14.2٪. لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە 7.5٪ـەوە دابەزیوە بۆ 7.0٪.
بەو پێیەش لە پاریزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە پارێزگای سنە، رێژەی بێکاری تێیاندا لە ساڵی رابردوو بەراورد بە ساڵی پێشووتر دابەزیوە.
بەپێی ناوەندە ئابوورییەکانی ئێران؛ بازاڕی کاری ئێران ناهاوسەنگیی زۆری پێوەدیارە.
رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە بازاڕی کاردا بەراورد بە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان کەمترە لە یەک لەسەر چواری تێکڕای بەشداریی ئافرەتان لە بازاڕی کاردا لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان.
رێژەی بەشداریی ئافرەتانی ئێرانی نزیکەی نیو هێندەی رێژەی بەشداریی ئافرەتانی تورکیایە لە بازاڕی کار. هەروەها رێژەی بێکاری لە نێوان ئافرەتاندا بە رێژەی 70٪ زیاترە لە رێژە بێکاری لەنێو پیاواندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ