زێڕی عەیار 9 لە هەولێر بازاڕی گەرمە

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
زێڕە نوێیەکە لە بازاڕەکانی هەولێر
زێڕە نوێیەکە لە بازاڕەکانی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

عەیارێکی نوێی زێڕ لە بازاڕی زێڕنگەرانی هەولێر بازاڕی گەرمە و مسقاڵێکی نرخەکەی نزیکەی 450 هەزار دینارە. ئەوەش زێڕی عەیار 9یە. 
 
ئەگەر بە چاو هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو زێڕە عەیار 21ـەی کە هەمووان پێی راهاتوون. 
 
بەشدار 20 ساڵە لە بازاڕی قەیسەری خەریکی زێڕ فرۆشتنە، دەڵێت: "لە سەرەتای بەهارەوە باس باسی زێڕی عەیار 9یە و ئێستا بووەتە رکابەرێکی بەهێزی عەیارەکانی دیکە."
 
قادر، زێڕنگەرە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر، دەڵێت: "ئەگەر لە 10 پارچە زێڕ بفرۆشم، 8 یان 9 پارچەی عەیار 9 دەڕوات نەک 21، واتە خواستێکی زۆری لەسەرە. بۆچی؟ بەهۆی ئەوەی زێڕەکە هەرزانترە و هەمیشە کێشەکەی لەچاو کێشی عەیار 21 کەمترە. مسقاڵێک عەیار 21 دەکاتە 2 مسقاڵ عەیار 9. خەڵک دەڵێن من ئەم 2 مسقاڵە لە دەست بکەم باشترە لە 1 مسقاڵ، هەروەها دەتوانم بیکڕم."
 
زێڕی عەیار 9 ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتانی ئەورووپا یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی زێڕ، ئێستا کڕیارانی هەرێمی کوردستانیش وەک بژاردەیەکی باش بەکاری دەهێنن.
 
ژنە کڕیارێک لە بازاڕەکە قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێت: "بە تایبەت بۆ ئەوانەی تازە هاوسەرگیری دەکەن زۆر باشە. بەڕاستی هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ عەیار 21ـەکەی  ئەم بەڕێزە تازە نیشانی دام.. زۆر جوانە."
 
مامەڵەی زێڕی عەیار 9 وەک عەیار 21 وایە. لە کاتی فرۆشتنەوەشدا بەپێی کێش و نرخی رۆژ، بەهای خۆی دەپارێزێت.
 
فایەق فەهد، زێڕنگرێکی هەولێرە و لەبارەی تایبەتمەندییەکانی زێڕی عەیار 9 دەڵێت: "لە 20 مسقاڵ عەیار 9، 37.5 گرام عەیار 24ـی تێدایە. لە عەیار 21 چەندی تێدایە؟ لە 20 مسقاڵ 87.5 گرامی تێدایە."
 
لە هەرێمی کوردستان چوار کارگەی دروستکردنی زێڕی عەیار 9 هەن. دوو مانگە بە فەرمی نرخی زێڕی عەیار 9 لە ماڵپەڕی فەرمیی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر دانراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە