رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای (هەنت ئۆیڵ)ـی ئەمریکی دوای نزیکەی مانگێک لە راگرتنی کارەکانی بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت دەکاتەوە.
رۆژی شەممە 23-08-2025 کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.
گوتەبێژەکەی کۆمپانیاکە گوتوویەتی، چاوەڕێ دەکەن تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب بگەڕێنەوە بۆ ئاستی ئاسایی بەرهەمهێنان، واتا هەمان ئاستی پێش ئەو هێرشە درۆنییەی کە مانگی رابردوو کرایە سەر کێڵگەکەیان.
هەفتەی رابردوو لەدوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتی چارەکی دووەمی ئەمساڵیاندا، کۆمپانیاکانی دیکەی بەرهەمهێنی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە نێوانیاندا کۆمپانیای DNOـی نەرویجی، رایانگەیاند بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێلگەکانیان دەستپێکردووەتەوە.
لە مانگی رابردوودا، کێڵگەی نەوتی عەین سفنی، کە لەلایەن هەنت ئۆیڵەوە لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەبرێت، یەکێک بوو لەو چەند ئامانجەی کە لە شەپۆلێکی هێرشی درۆنیدا کرانە ئامانج و بووە هۆی پەککەوتنی بەرهەمهێنان لە چەندین کێڵگەی نەوتیی هەرێمی کوردستان.
دوایین جار هێرشکرابێتە سەر کۆمپانیاکە رۆژی 16-07-2025 بوو. ئەوکات وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی" کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکانی تاوکێ، پێشابوور و عین سفنی، بەهۆیانەوە "زیانێکی زۆر بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە."
هەر ئەوکات، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر سێ کێڵگەی نەوتی لە سنووری زاخۆ و دهۆک.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی دژە تیرۆری کوردستان، "لە کاژێر 7:14 لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هەنت ئۆیڵی ئەمریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتەوە."
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە مانگی تەممووزدا 16 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان. بەپێی بەدواداچوونەکە، 6 لەو هێرشانەی کراون، بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون.
هەنت ئۆیڵ، لە ساڵی 2007ـەوە نەوتی لە ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بەرهەمهێناوە و بەدوایدا گەڕاوە. هاوکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەبەرهێنانی بەرچاوی لە بواری نەوت و گازدا کردووە و چەندین بیری نەوتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمریکا و هەرێمی کوردستان هەڵکەندووە.
بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ بە رێژەی 81٪ـی کارمەندەکانی ناوخۆیین و 19٪یشی بیانین.
کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ رۆژی 22-10-2023 بووە ئەندامی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور-APIKUR) .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ