د. ترەیدەر: نرخی راستەقینەی زێڕ خوار 3900 دۆلارە و ئەگەری دابەزینی بیتکۆین بەهێزە

17-11-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
زێڕ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
زێڕ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نیشانەکردن شەترەنج لەگەڵ د. ترەیدەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، نرخی ئێستای زێڕ نزیکەی 200 دۆلار زیاترە لە نرخە راستەقینەکەی، رەنگە بیتکۆینیش بۆ خوار 90 هەزار دۆلار دابەزێت.
 
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە، دەڵێت، "بەرزبوونەوەی ئەمدواییانەی زێڕ هیچ هۆکارێکی نەبووە جگە لە ترسانی خەڵک."
 
ئەو دەڵێت، بۆیە دەبێت زێڕ بگەڕێتەوە ئەو نرخەی کە پێشتر لێیەوە بە 'پاڵپێوەنان' هاتووە و گەیشتووەتە ئەم ئاستانەی ئێستا.
 
ئەمە لە کاتێکدایە نرخی زێڕ جێگیر نییە؛ ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەمین رۆژی کرانەوەی بازاڕە داراییەکانی جیهاندا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 4082 دۆلارەوە گەیشتە 4106 دۆلار. بەڵام دواتر بۆ ئاستی 4049 دۆلار دابەزی. ئێستاش بە 4080 دۆلارە.
 
ئەو پسپۆڕە پێیوایە، نرخی راستەقینەی ئێستای زێڕ خوار 3800 دۆلارە بۆ هەر ئۆنسەیەک؛ زیاتریش 3600 دۆلار گونجاوە وەک نرخی راستەقینە.
 
د. ترەیدەر دەڵێت، ئەگەر ترس لە دڵی خەڵک دروست نەکرێت، کە دەبێتە هۆی کڕینی بە کۆمەڵی زێڕ، ئەوکاتە دەکرێت زێڕ دابەزێت بۆ نرخی راستەقینەی خۆی و بازاڕێکی دروستتر هەبێت.
 
د. محەممەد ئەمین گوتی، ئەوانەی ترسەکەیان دروستکردووە، ئەو کەسانەن کە شارەزا نین، بەڵام دەیانەوێت خۆیان بخەنەر بەردڵی خەڵک، ئەویش بەوەی کاتێک نرخی کاڵایەک بە خێرایی بەرەو یەک ئاراستە دەڕوات، هەموویان بە هەمان ئاراستە شیکاریی کورتخایەن دەکەن، بەوەش بۆ ماوەیەکی کورت شیکارییەکە دروست دەردەچێت. 
 
دەشڵێت، ئەمە بە کاریگەریی ئەو کەسانە دروست دەبێت کە لە وڵاتە گەورەکانن؛ نموونەش بە رۆبێرت کیۆساکی، نووسەر و سەرمایەداری گەورەی ئەمریکی دەهێنێتەوە کە بەردەوام بانگەشە و پێشبینیی داڕمانی بازاڕەکانی ئەمریکا دەکات.
 
ئەو پسپۆڕە نموونە بە دراوە دیجیتاڵییەکانیش دەهێنێتەوە کاتێک کەسێک دراوێک دەکڕێت و بانگەشەی بەرزبوونەوەی دەکات، کاتێکیش بەوهۆیەوە خەڵکێکی زۆر هەمان دراو دەکڕن، نرخەکەی گران دەبێت، بەڵام خۆی کە بانگەشەی بەرزبوونەوەی کردبوو، لە بەرزیدا دەیفرۆشێت. 
 
قسەکانی د. ترەیدەر ئەمڕۆ دووشەممە لە بڕگەی "شەتڕەنج لەگەڵ د. ترەیدەر" لە کاتی پێشکێشکردنی بووڵتەنی ئابووریی لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح بوو.
 
"3888 دۆلار ناوچەی کڕینە"
 
لەبارەی سیناریۆکانی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی زێڕ، د. ترەیدەر پێشبینی دەکات، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی، دەکرێت زێڕ بگاتە ناوچەکانی 4139 بۆ 4141 و 4145. لەوێوە فرۆشیاران دێنە نێو بازاڕ و نرخەکەی دادەبەزێتەوە.
 
لەبارەی سیناریۆی دابەزینیشەوە، د. ترەیدەر پێیوایە، ناوچەی 3888 بۆ 3886 ناوچەیەکی گونجاوە بۆ کڕینی زێڕ. بەواتایەکی دیکە، دەکرێت نرخی زێڕ بۆ ئەم ناوچەیە دابەزێت و لەوێوە دەست بە بەرزبوونەوە بکات.
د. ترەیدەر دەڵێت، ئێستا زێڕ لەسەر ئاستی رۆژانە بە بڕێكی زۆر بەرزونزم دەکات، بۆیە ئەوە گرنگ نییە کە نرخێک چەند دوورە لەو نرخەی ئێستا.
 
ئەو پێشیوایە، ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ کڕینی زێڕ، بەڵکو کاتی کڕین لە 3888 دۆلارەوە دەستپێدەکات.
 
ئەو پسپۆڕە گوتی، ئەگەر هیچی لەناکاو روونەدات، دەکرێت زێڕ بۆ 3777 دۆلاریش دابەزێت.
 
د. محەممەد ئەمین گوتیشی، سەرمایەدار و دامەزراوە گەورەکان، لە هەموو نرخێک و ئاستێک زێڕ ناکڕن، بەڵکو لە نرخێکی دیاریکراو دەیکڕن کە زۆرترین ئۆردەر بلۆک [ناوچەی دیاریکراوی کڕین یان فرۆشتن]ـی لێ دانراوە. بۆیە ئێستا بۆ نموونە ئەگەر گەورەترین شەڕیش دروست ببێت، زێڕ سەرەتا دادەبەزێت بۆ ئەو ناوچەیەی کە کڕینێکی زۆری لێ جێگیرکراوە، پاشان دەست بە بەرزبوونەوە دەکات. 
 
بیتکۆین؛ 90 هەزار دۆلار نزیکترە وەک لە 100 هەزار دۆلار
 
د. ترەیدەر دەڵێت، لەگەڵ ئەو پێشبینییە بووە کە بیتکۆین زۆر دادەبەزێت.
 
ئەو پێیوایە، زۆر گرنگە کاتێک هەواڵێک بە گەرمی بڵاودەبێتەوە کە کاریگەریی لەسەر بازاڕ دەبێت، دەبێت بازرگان و کەسی ئاسایی بەدوای ئەوەدا بچن کە ئاخۆ ئەو هەواڵە راستییە یان تەنیا بۆ بەبازاڕکردنە.
 
ئەو نموونە بەوە دەهێنێتەوە کاتێک دەگوترێت نرخی یەک بیتکۆین دەگاتە 200 هەزار دۆلار، کەس ناڵێت لە چ نرخێکدا بە ئاراستەی ئەو نرخەدا دەڕوات، بەڵام هەمووان دەڵێن رۆژێک لە رۆژان دەگاتە ئەو نرخە. بۆیە دەبێت هۆشیاری لەوە هەبێت بۆ ئەوەی کەس زەرەر نەکات.
 
لە یەک هەفتەی رابردوودا، نرخی بیتکۆین زیاتر لە 12 هەزار دۆلار دابەزیوە و لە ئاستی 107 هەزار دۆلارەوە بۆ 95 هەزار دۆلار دابەزیوە.
 
د. ترەیدەر دەڵێت، 100 هەزار دۆلار بۆ بیتکۆین ئاستێکی بەرگریی هەستیار بوو کە شکا و بۆ خوار ئەو ئاستە دابەزی. ئێستاش زۆرترین ناوچە کە بازرگانە گەورەکان نیازی کڕینیان لێی هەیە، زۆر کەمترە لە 100 هەزار دۆلار.
 
پێشیوایە، دابەزینی نرخی بیتکۆین بۆ 90 هەزار دۆلار زیاترە وەک لە بەرزبوونەوەی بۆ 100 هەزار دۆلار. دەشڵێت، دوور نییە بۆ خوار ئەو ئاستەش دابەزێت و بگاتە 88 هەزار دۆلار بۆ 86 هەزار دۆلار.  
 
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، 88 هەزار بۆ 86 هەزار دۆلار، ناوچەیەکی گونجاوە بۆ کڕینی بیتکۆین. بەڵام گونجاوترین نرخ بۆ کڕین 77 بۆ 75 هەزار دۆلارە.
 
د. ترەیدەر گوتیشی، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین، گەیشتنی بە ئاستی نزیکەی 100 هەزار دۆلار، بۆ نموونە 99 هەزار و 100 دۆلار، دەکرێت ناوچەیەکی گونجاو بێت بۆ فرۆشتنی بیتکۆین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە